سەردێڕ:

هەسەدە.. سەرەراى ئاگربەست تورکیا هێرشەکانى رانەگرتووە

فۆتۆ: 
2019-10-18

2610 جار خوێندراوەتەوە

هێزەکانى سوریاى دیموکرات هەسەدە رایانگەیاند، پاش رێکەوتنى تورکیا و ئەمریکا بۆ وەستاندى شەر لە رۆژئاواى کوردستان بۆ ماوەى پێنج رۆژ، تا ئێستا تورکیا هێرشەکانى رانەگرتوە ورێککەوتنەکەشى جێبەجێنەکردووە.

مستەفا بالی وتەبێژى هەسەدە رایگەیاندوە، سەرەراى راگەیاندنى ئاگربەست و رازیبوونى هەسەدە بە ئاگربەستەکە بەڵام تائێستا هێرشی تورکیا بۆ سەر سەرێ کانی بە فڕۆکەی جەنگی و تۆپـباران و هێرشی زەمینی بەردەوامە، بۆیە هێزەکانی سوریای دیموکرات وەڵامیان داوەتەوە.

لەم بارەیەوە روانگەى سورى بۆ مافەکانى مرۆڤ رایگەیاندوە، کە بەهۆى بۆردوومانى فرۆکە جەنگیەکانى تورکیاوە بۆسەر ناوچەى ئەبو رەئسەین و گوندەکانى چواردەورى سەرێکانى  ٧ هاوڵاتى شەهید بوون و ٢١ هاوڵاتی دیکەش بریندار بوون. هەروەک هێرشەکە بووەتە هۆى شەهید بوونى ٤ ئەندامى هێزەکانى سوریاى دیموکرات.

 لای خۆشیەوە رەجەب تەیب ئەردۆگانى سەرۆک کۆمارى تورکیا  لە لێدوانێکدا بۆ رۆژنامەنوسان رایگەیاند، کە ئۆپراسیۆنى سوپاى وڵاتەکەى بەشێوەیەکى خێراتر بەردەوام دەبێت ئەگەر ئەو رێککەوتنەى کە لەگەڵ ئەمریکا پێی گەیشتوون بۆ وەستانى شەڕ و رێگەدان بە هێزە کوردیەکان بە کشانەوە بەتەواوەتى جێبەجێنەکرێت.

 راشیگەیاند کە ئامانجیان لە ڕێککەوتنەکە نیشتەجێکردنى ئەو ٣ ملێۆن ئاوارە سووریەیە کە لەوڵاتەکەیدان لە ناوچەی ئارام.

سەبارەت بە چوونە ناوەوەى سوپاى سوریا بۆ ئەو شوێنانەى کە هەسەدە چۆڵیان دەکات ئەردۆگان رایگەیاند کە ئەوان هیچ کێشەیەکیان لەگەڵ بوونى سوپاى سوریا لەو ناوچانەدا نیە. وتیشى تورکیا بە نیاز نیە لەو ناوچانەى کە کۆنترۆڵى کردوون بمێنێتەوە. سەرۆکى تورکیا باسى لەوەش کرد کە چاوى بە ڤلادمێر پوتین سەرۆکی رووسیا دەکەوێت ئەوەش قۆناغێکی دیکەی تەواوکاریی دەبێت لەسەر ڕێککەوتنەکە و کۆی پرۆسەکە.

 پاش راگەیاندنى ئاگربەستەکەش برێت مەکگۆرک، نوێنەری پێشووی سەرۆکی ئەمریکا بۆ هاوپەیمانێتی شەڕی دژ بە داعش لە تویتێکدا ڕایگەیاند، ئەمریکا پلانی تورکیای بۆ فراوانکردنی سنوورەکانی بە قوڵایی ٣٠ کیلۆمەتر بۆ نێو خاکی سوریا پەسەند کرد بەبێ ئەوەی گوێ بە ڕاستییەکان بدات لەسەر ئەرزی واقیع، برێت مەکگۆک ئەوەشى ووت کە پلانەکەى تورکیا کردەیی نییە و جێبەجێ نابێت.

 هەر لەبارەى جێبەجێکردنى ئاگربەستەکەوە، ستێفەنى گريشام وتەبێژى کۆشکى سپى بە ئاژانسى فۆکس نویوزى رایگەیاند، راگرتنى شەڕ کە ئەمریکا و تورکیا لەسەرى رێککەوتوون کاتى دەوێت.