سەردێڕ:

کرێی مانەوەی سێ مانگی جێگرى سەرۆکى پەرلەمانى عێڕاق لە ئوتێلێک نزیکەى ٦٣ ملیۆن دینار بووە

فۆتۆ: 
2019-10-18

21058 جار خوێندراوەتەوە

بەپێى بەڵگەنامەیەک کرێی مانەوەی سێ مانگی بەشیر حەداد جێگرى دووەمى سەرۆکى پەرلەمانى عێڕاق لە ئوتێلێک لە بەغداد نزیکەى ٦٣ ملیۆن دینار بووە.

بەپێى بەڵگەنامەیەک، بڕی تێچوونی مانەوەی بەشیر حەداد لە ئوتێل ڕەشید لە بەغداد گەیشتووەتە ٦٢ ملیۆن و ٨٦٠ ھەزار دینار.

بەپێی ئەو بەڵگەنامەیە بەڕێوەبەری گشتی فەرمانگەی دارایی پەرلەمانی عێراق بەوەکالەت ئاڕاستەی سەرۆکایەتی پەرلەمانی عێراقى کردووە تیایدا ھاتووە، بەشى کارگێرى ئوتێل ڕەشید داوای ئەو بڕە پارەیە دەکات کە بەشیر حەداد جێگری سەرۆکی پەرلەمان و پاسەوانەکانی لە ماوەی نێوان ( ٥-٩-٢٠١٨ تا ٢٨-١١-٢٠١٨ )تێیدا ماونەتەوە.

لە بەڵگەنامەکەدا هاتووە، تەنھا مانەوەی بەشیر حەداد لە (سویتێکی تایبەت) کە چەند ژورێک لەخۆ دەگرێت بۆ ماوەی نێوان ٧-١-٢٠١٩ تا ٦-٥-٢٠١٩ بڕى پارەکەى گەیشتووەتە ٢٦ ملیۆن و ٥٨٥ ھەزار دینار.

هەروەها شوێنی مانەوەی پاسەوانەکانی جێگری دووەمی سەرۆکی پەرلەمان کە ھەریەکەیان ژورێکی تایبەتیان گرتووە بڕی پارەکەى گەیشتووەتە ٣٦ ملیۆن و ٢٧٥ ھەزار دینار.

ھەروەھا لەو ماوەیەدا تێچوونی نان خواردنیان گەیشتووەتە ٥ ملیۆن و ١٨٤ ھەزار و ٢٥٠ دینارى عێراقى.

لە بەڵگەنامەکەدا هاتووە، فەرمانگەی گشتی دارایی پەرلەمانی عێراق باسی لەوەشکردووە، لە ڕێنماییەکانی بودجەدا ھیچ ئاماژەیەک نەکراوە بە خەرجکردنی کرێی خانوو، بەڵکو خەرجکردن لەسەر فەرمانی سەرۆکی پەرلەمان دەبێت، جگە لەوەش ھیچ بنەمایەکی یاسایی نییە بۆ تەرخانکردن و خەرجکردنی پارە بۆ نانخواردن.