سەردێڕ:

سەرۆک وەزیرانى لوبنان ٧٢ کاتژمێرى دیاریکردووە بۆ رزگاربوون لە قەیرانەکان

فۆتۆ: 
2019-10-18

3065 جار خوێندراوەتەوە

سەعد حەریرى سەرۆک وەزیرانى لوبنان ٧٢ کاتژمێرى داوەتە هاوپەیمانەکانى لە حکومەت بۆ رزگاربوون لە قەیران و ئاڵۆزییەکانى وڵاتەکە.

حەریرى لە دووەم رۆژى خۆپیشاندان و نارەزایەتییەکانى وڵاتەکەیدا لە لێدوانێکیدا ڕایگەیاند، وڵاتەکەى بە قۆناغێکى قورس کە لە رابردوودا وێنەى نەبووە تێپەڕ دەبێت.

وتیشى، شەپۆلێکى ناڕەزایى و خۆپیشاندان دوو رۆژە وڵاتەکەى گرتۆتەوە ئەوەش دواى کەڵەکەبوونى توڕەییەکى زۆر بەهۆى هەڵاوسان و بڕیارەکانى باج خستنەسەرى نوێ وبەرزبوونەوەى تێچووى ژیانى رۆژانە.

دەشڵێت، " لایەنەکانى بەشدار لە حکومەت کێشە وگرفتیان بۆ دروستکردووە بۆ ئەنجامدانى چاکسازى.

هاوکات بەهۆى فراوانبوونى خۆپیشاندان و نارەزاییەتییەکانى هاوڵاتیانى ئەو وڵاتە سەرۆک وەزیران کۆبوونەوەى ئەمڕۆى کە بڕیاربوو لەسەر پڕۆژە یاساى بودجەى ٢٠٢٠ى وڵاتەکە بێت هەڵوەشاندەوە و وتارێکى لەبرى ئەو کۆبوونەوەیە پێشکەش کرد.

بەپێى میدیاکانى لوبنان، خۆپیشاندەران هەوڵدەدەن بەربەستی ئەمنی بۆ گەیشتن بە کۆشکی سەرۆکایەتی بشکێنن.

رۆژى پێنج شەممە هەزاران کەس لەبەردەم بارەگاى حکومەتى لوبنان گردبوونەوە و حکومەتیش ناچاربوو بڕیارى زیادکردنى باج لەسەر پەیوەندییە دەنگییەکان لە ڕێگەى جێبەجێکردنى واتسابەوە هەڵبوەشێنێتەوە.