سەردێڕ:

​هەرێمى کوردستان.. گردبوونەوە وناڕەزایەتی دژى هێرشەکانى تورکیا بەردەوامە

فۆتۆ: 
2019-10-18

1815 جار خوێندراوەتەوە

گردبونەوە وخۆپیشاندانى بەشێک لە توێژە جیاوازەکان لە شاروشارۆچکەکانى هەرێمى کوردستان دژى هێرشەکانى تورکیا بۆ سەر ڕۆژئاواى کوردستان بەردەوامە.

پەیامنێری دیجیتاڵ میدیاى ئێن ئاڕ تى ڕایگەیاند، پاش نیوەرۆى ئەمڕۆ لە سلێمانى وکەرکوک وکەلار بەشێک لە چین و تویژەکان گردبونەوە و ئیدانەى هێرشەکانى تورکیایان کرد بۆ سەر رۆژئاواى کوردستان ولەکەرکوکیش کەمپینێک راگەیەندرا بۆ کۆکردنەوەى کۆمەک وهاوکارى بۆ رۆژئاواى کوردستان.

وتیشى، لە شارى سلێمانى خۆپیشاندان لەشەقامى سالمەوە دەسیپێکرد بۆ بەردەم باخى گشتى ولە قەزاى کەلاریش لەبەردەم قوتابخانەى لەیلا قاسمەوە دەسیپێکرد بۆناوبازار و تێیدا بەژداربوان ئیدانەى هێرشەکانی تورکیایان کرد بۆ سەر ڕۆژئاواى کوردستان.

هەروەها، ئامادەبوانىش کەمپینێکیان راگەیاند بۆکۆکردنەوەى کۆمەک وهاوکارى و داوایانکرد هەرچى زووە وهاوکارى بۆ هاوڵاتییانى ڕۆژئاواى کوردستان کۆبکرێتەوە، چونکە دانیشتوانى رۆژئاواى کوردستان لە دۆخێکى خراپى ئابوریدان.

ئەمەش لە کاتێکدایە پاش کشانەوەی ھێزەکانی ئەمریکا لە ڕۆژئاوای کوردستان، سوپاى تورکیا ھێرشی سەربازی ئاسمانی و زەمینی دەستپێکرد بۆسەر رۆژئاواى کوردستان، ھێرشەکانیش بۆنەتە ھۆی ئاوارە بوونی زیاتر٣٠٠ ھەزار کەس.