سەردێڕ:

بنەماڵەی لانە محەمەد كەناڵی ئێن ئاڕ تی بە چەواشەكردنی رای گشتی تۆمەتبار دەکات

فۆتۆ: 
2019-10-18

67594 جار خوێندراوەتەوە

بنەماڵەی لانە محەمەد كەناڵی ئێن ئاڕ تی بە چەواشەكردنی رای گشتی تۆمەتبار دەکات و دەڵێت،‌ كێشەی كچەکەیان كێشەیەكی خێزانی بووە نەک سیاسى.

لە راگەیەنراوەکەدا هاتووە، "سوپاسی  دەزگاكانی راگەیاندن و تەواوی ئەو كەناڵ و سایت و میدیایانەی تر دەكەین كە بەئاستی بەرزی بەرپرسیاریەتی ئەخلاقیەوە مامەڵەیان لەگەڵ كارەساتەكەماندا كرد".

باسىلەوەشکردووە، " لانەخان نە یەكەم كەسبووە لە دنیادا بیەوێت لە هاوسەرەكەی جیاببێتەوەو نە دواهەمین كەسیش دەبێت، ئەو ساڵانیك بوو ژیانێكی نەخوازراوی خێزانی بەرێدەكرد، كە سەرەنجام بەراوێژكردن لەگەڵ كەسوكارەكەی بڕیاری جیابوونەوەی لە هاوسەرەكەی داو كەیسەكەش نزیكەی پێنج مانگە لە دادگایەو بەهاوكاری دوو پارێزەر بەرەو یەكلابوونەوە دەرۆیشت".

لە راگەیەنراوەکەدا هاتووە، "تەرمی لانە محەمەد و مناڵەكەمان بەجیا وەرگرتەوە  و لە گۆرستانێكی جیاواز ناشتمانن و هەروەها پرسەیەكی جیاوازیشمان بۆدانان".

هاوکات پەیامنێرى دیجیتاڵ میدیاى ئێن ئاڕ تى ڕایگەیاند، تیمى روژنامەوانیی ئێن ئاڕ تى چونەتە پرسەى لانە محەمەد لە مزگەوت و لەلایەن بنەماڵەکەیانەوە هیچ لێدوانێکیان بۆ نەداوە و تەنانەت لە مزگەوتەکەش دەریان کردوون.

هەردوو رۆژنامەونووس ئامانج بابانی و لانە محەمەد و منداڵەکەیان لە شەوی ١٦ی ئەم مانگە، لەنێو ئوتومبێلەکەی خۆیاندا لە شاری سلێمانی بە کوژراوی دۆزرانەوە. پۆلیسی سلێمانی ڕووداوەکەی بە "خۆکوژیی" پێناسە کردووە و دامەزراوەی میدیایی نالیا و بنەماڵەکەشیان داوای بەدواداچوونی زیاتر دەکەن.