سەردێڕ:

ئەردۆغان "نامەکەى ترەمپى خستە تەنەکەى خۆڵەوە"

لەبارەى دۆخى رۆژئاواى کوردستان
فۆتۆ: 
2019-10-18

17886 جار خوێندراوەتەوە

رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆک کۆمارى تورکیا نامەى دۆناڵد ترەمپى سەرۆکى ئەمریکاى لەبارەى سوریاوە خستە تەنەکەى خۆڵەوە.

ماڵپەرى بی بى سى لە سەرچاوەیەکى تایبەتەوە هەواڵێکى بڵاوکردەوە کە رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆک کۆمارى تورکیا نامەکەى دۆناڵد ترەمپى سەرۆکى ئەمریکاى لەبارەى سوریاوە خستۆتە تەنەکەى خۆڵەوە.

ئاماژەى بەوەکردووە، نامەکە بەروارى نۆى ئەم مانگەى لەسەرە و دواى بڕیارى کشانەوەى هێزەکانى ئەمریکا لە سوریا سەرۆکى ئەمریکا ناردویەتى بۆ سەرۆکى تورکیا.

بەپێى چەند سەرچاوەیەکى سەرۆکایەتى تورکیا بۆ ماڵپەرى بی بی سى باسیان لەوەکردوووە، پوختەى نامەکە لەلایەن ئەردۆغانەوە بەتەواوى رەتکراوەتەوە.

لەرۆژى گەیشتنى نامەکەدا سوپاى تورکیا هێرشى بۆ سەر ناوچەکانى باکورى رۆژهەڵاتى سوریا دەستپێکرد کە لەژێر دەسەڵاتى هێزە کوردییەکاندابووە.

دەقى نامەکەى ترەمپ بۆ ئەردۆغان بەم شێوەیە:

لە نامەکەدا ترەمپ نوسیویەتى، "با ڕێکەوتنێکی باش بکەین. تۆ ناتەوێت بەرپرسیار بیت لە کوشتاری ھەزاران کەس و منیش نامەوێت بەرپرسیار بم لە وێرانکردنی ئابووریی تورکیا - کە دەیکەم".

ترەمپ لە نامەکەدا باسى لەوەکردووە، "کاری زۆر جددیم کردووە بۆ ئەوەی ھەندێک لە کێشەکانت چارەسەر بکەم. مەھێڵە جیھان لێت نائومێد بێت. دەتوانیت ڕێککەوتنێکی مەزن بکەیت. جەنەڕاڵ مەزڵووم ئامادەیە ڕێککەوتنت لەگەڵ بکات، ئامادەیە دەست لە ھەندێک شت ھەڵبگرێت کە ھەرگیز لە ڕابردوودا شتی وایان نەکردووە. بە متمانەوە کۆپییەک لەو نامەیەت بۆ دەنێرم کە ئەوەندە نابێت بۆمی ناردوو".

لە نامەکەدا هاتووە، "مێژوو بەباشی باست دەکات ئەگەر ئەم ڕێککەوتنە بە ڕێکوپێکی و بەشێوەیەکی مرۆڤانە ئەنجام بدەیت، ئەگەر ھاتوو شتی باشیش ڕووی نەدا ئەوا تاھەتایە جیھان وەک شەیتانێک سەیرت دەکات، کابرایەکی ڕەق مەبە، گەمژە مەبە".