سەردێڕ:

ئەردۆغان: بەگوێرەی ڕێککەوتنەکە ئێمە هێزەکانمان لە باکوری سوریا ناکشێنینەوە

ڕەجەب تەییب ئەردۆغان، سەرۆک کۆماری تورکیا.
فۆتۆ: 
2019-10-18

5507 جار خوێندراوەتەوە

سەرۆک کۆماری تورکیا، رەجەب تەییب ئەردۆغان کەمێک لەمەوبەر وتویەتی بەگوێرەی ڕێککەوتنەکە ئەوان هێزەکانیان لە باکوری سوریا ناکشێننەوە.

ئاماژەی بەوەشداوە، "بابەتی ئەوەی ئەمرۆ تورکیا بۆمبارانی باکوری سوریای کردبێت، بەبێ پرسیارکردن زانیارییەکی هەڵەیە".

وتوشییەتی، "بینینی سەرۆکی رووسیا، ڤلادمێر پوتین، قۆناغێکی دیکەی تەواوکاریی دەبێت لەسەر ڕێککەوتنەکە و کۆی پرۆسەکە".

شەوی ڕابردوو، مایک پێنس-ی جێگری سەرۆکی ئەمریکا، دوای کۆبوونەوەیەکی چەند کاتژمێریی لەگەڵ ئەردۆغان سەرۆک کۆماری تورکیادا لەسەر سیازدە خاڵ ڕێککەوتن، کە یەکێکیان بریتییە لە "دەستبەجێ ڕاگرتنی شەڕ لەلایەن تورکیاوە و دەرفەتدانە بە هێزەکانی یەپەگە تا لەماوەی ١٢٠ کاتژمێردا لە سنورەکانی سووریا-تورکیا بە قووڵایی ٣٠ کیلۆمەتر بکشێنە دواوە".

دوای ڕاگەیاندنی ڕێککەوتنەکە، مەزڵوم کۆبانێ فەرماندەی هێزەکانی سوریای دیموکرات (هەسەدە) پابەندبوونی خۆیان بە ڕێککەوتنەکەوە ڕاگەیاند.