سەردێڕ:

وەزیری دەرەوەی ئەمریکا داوای قەدەغەی فرۆشتنی چەک بە ئێران دەکات

مایک پۆمپیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا
فۆتۆ: 
2019-10-18

1342 جار خوێندراوەتەوە

ئەمڕۆ ھەینی ١٨ی ئۆکتۆبەری ٢٠١٩ وەزیری دەرەوەی ئەمریکا مایک پۆمپیۆ لە تویتەری خۆی داوای قەدەغەی فرۆشتنی چەک بە ئێران دەکات و دەڵێت دەبێتە ھەڵگیرسانی جەنگ لە ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاست.

 وەزیری دەرەوەی ئەمریکا لە دەستپێکی تویتەکەیدا نووسیویەتی، "لەبەر خەوش و کەموکوڕیی ڕێککەوتنەکەی ئێران، ئابڵووقەی نەتەوە یەکگرتووەکان تایبەت بە قەدەغەی فرۆشتنی چەک بە ئێران لە ماوەی ساڵێکدا بەسەر دەچێت. وڵاتانی وەک ڕووسیا و چین دەتوانن چەکی زۆر پێشکەوتوو بە ئێران فرۆشن."

پۆمپیۆ نووسیویشیەتی، "ڕژێمی ئێران ئازاد دەبێت لە فرۆشتنی چەک بە ھەر کەس و لایەنێک. ئەمەش دەبێتە ھۆی ھەڵگیرسانی جەنگ لە ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاست."

وەزیری دەرەوەی ئەمریکا لە تویتی دواتردا نووسیویەتی، "ئەگەر ئێستا نیگەرانی ھەڵسوکەتی ئێرانیت، ئەوا بیھێنە پێش چاوی خۆت ئێران چی پێدەکرێت ئەگەر مووشەک و فڕۆکەی بێفڕۆکەوان و تانک و فڕۆکەی شەڕکەری پێشکەوتووی ھەبێت. دەبێت ئەنجوومەنی ئاساییش ئابڵووقەی فرۆشتنی چەک بە ئێران نوێ بکاتەوە."