سەردێڕ:

لە لوبنان بۆ دووەم ڕۆژ لەسەریەک خۆپیشاندان دژ بە قەیرانی ئابووری بەڕێوەچوو

فۆتۆ: 
2019-10-18

1087 جار خوێندراوەتەوە

ئەمڕۆ ھەینی بۆ دووەم ڕۆژ لەسەریەک خۆپیشاندان دژ بە قەیرانی ئابووری لە لوبنان بەڕێوەچوو و خۆپیشاندەرانیش ڕێگا سەرەکییەکانی شاری بەیروتیان داخست.

میدیاکانی ئەو وڵاتە بڵاویانکردەوە، "خۆپیشاندانەکە لە سەرلەبەیانی ئەمڕۆوە لە بەیروت دەستیپێکردووە و خۆپیشاندەران بە سوتاندنی تایە رێگا سەرەکییەکان دادەخەن، ھاوکات لە ھێزەکانی پۆلیسیش بە گازی فرمێسکڕێژ لە ھەوڵی بڵاوەپێکردنیاندان".

ئاماژەش بەوەکراوە، لە بەردەم دامەزراوەکانی حکومەتدا دروشمی "گەل ڕوخانی ڕژێمی دەوێت"یان وتووەتەوە، ھاوکات لە شارۆچکەی جەیتا دروشمەکانی "شۆڕش"، و "ئێمە یەک گەلین دژ بە دەوڵەت، دەمانەوێت بڕوخێت"یان وتووەتەوە. 

ھەر بەھۆی خۆپیشاندانەکانەوە سەعد حەریری سەرۆک وەزیرانی لوبنان، کۆبوونەوەیەکی کابینەکەی ھەڵوەشاندەوە کە بڕیاربوو ئەمڕۆ بەڕێوەبچێت.

میدیاکان باس لەوەدەکەن، ئەمە یەکێکە لە "گەورەترین خۆپیشاندانەکان"ی ئەو وڵاتە کە لە ماوەی چەند ساڵی ڕابردوودا بەڕێوەچووبێت، خۆپیشاندانەکەش لەوەوە سەریھەڵدا کە بەھۆی قەیرانی ئابوورییەوە "حکومەت بڕیاریدابوو باج بخاتە سەر پەیوەندی تەلەفۆنی وەتسئەپ".

ڕۆژنامەی ئەلنەھاری لوبنانی، خۆپیشاندانەکەی بە "ڕاپەڕینی باج" وەسفکردووە، ھەروەھا ڕۆژنامەی ئەخباری لوبنانیش ناوی ناوە "شۆڕشی وەتسئەپ".