سەردێڕ:

لەبەردەم کەناڵی ئێن ئاڕتی مەراسیمی دوا ماڵئاوایی رۆژنامەنووسان ئامانج بابانی و لانە محەمەد بەرێوە دەچێت

ڕۆژێکی غەمگینە بۆ ئێن ئار تی
فۆتۆ: 
2019-10-18

11197 جار خوێندراوەتەوە

لەبەردەم ئۆفیسی سەرەکی کەناڵی ئێن ئارتی لە سلێمانی، مەراسیمی دوا ماڵئاوایی لە ڕۆژنامەنوس و پێشکەشکاری دیاری کەناڵی ئێن ئار تی ئامانج بابانی بەڕێوەچوو.

سەرەتا پەیامی دامەزراوەی میدیایی نالیا لەلایەن شوان عادل-ەوە خوێندرایەوە،
"ئێمە وەکو کەناڵی ئێن ئار تی، ڕۆژنامەنوسێکی بەتوانا و دیار و هاوڕێیەکی ئازیزمان لە دەستدا، قورسە جێگای پڕبکرێتەوە".

ئاماژەی بەوەشدا، "ئەو کارەساتە چەندە بۆ ئێمە و کەس و کاری ئامانج و لانە جەرگبڕ بوو، هێندەش بۆ خەڵکی کوردستان دڵتەزێن بوو".

سەبارەت بە ئەنجامی لێکۆڵینەوەی دەزگا ئەمنییەکانیش وتی، "ئێمە ئەو ئەنجامە وەکو وەڵامی کۆتایی وەرناگرین، چونکە هێشتا وردەکاریی و پرسیاری زۆر ماون و لایەنی پەیوەندیدار پێویستە ڕوونیان بکاتەوە".

هەر لە مەراسیمەکەدا، ئاسۆ محەمەد نوری، برای ئامانج بابانی، پەیامی بنەماڵەکەیانی خوێندەوە و وتی، "سوپاسی هەستی یەک بە یەکی خەڵکی کوردستان دەکەین".

ئاماژەی بەوەشدا، "ئەو گرنگیپێدانە زۆرەی خەڵکیی بۆ ڕووداوەکە، گەواهی ئەو کارانە دەدات کە ئامانج لە ڕاگەیاندندا کردوویەتی".

هاوکات وتیشی، "ئێمە داوا ئەکەین دەزگا ئەمنییەکان بەدواداچونێکی ورد بۆ ئەم ڕووداوە دڵتەزێنە بکەن، ناکرێت جارێک شەش فیشەک و جارێکیش هەشت فیشەک نیشان بدەن".

براکەی ئامانج بابانی وتیشی، "ئامانج مێژوویەکی جوانی بۆ بنەماڵەکەمان جێهێشتووە و خەڵکانێک باوەشم پێدا دەکەن کە من نایانناسم و تەنها بەهۆکاری ئامانجی برامە".

ئامانج بابانی و لانە محەمەد و منداڵەکەیان لە شەوی ١٦ی ئەم مانگە، لەنێو ئوتومبێلەکەی خۆیاندا لە شاری سلێمانی بە کوژراوی دۆزرانەوە. پۆلیسی سلێمانی ڕووداوەکەی بە "خۆکوژیی" پێناسە کردووە و دامەزراوەی میدیایی نالیا و بنەماڵەکەشیان داوای بەدواداچوونی زیاتر دەکەن.