سەردێڕ:

یەکێتی ئەوروپا برێگزت قبوڵدەکات

فۆتۆ: 
2019-10-18

11796 جار خوێندراوەتەوە

وڵاتانی بەشدار لە یەکێتیی ئەوروپا قایلبوون بە دەرچوونی بەریتانیا لە یەکێتییەکە "برێگزت" و، وا بڕیارە بەریتانیا لە ٣١ی تشرینی یەکەم، پێش کۆبوونەوەی سەرۆکایەتیی ئەوروپا لە برۆکسل، بچێتە دەرەوە.

لە ڕاگەیاندراوێکدا ئێوارەی ئەمڕۆ ١٧ی تشرینی یەکەم، یەکێتیی ئەوروپا لە پەراوێزی کۆبوونەوەکەیدا لە برۆکسل ڕایگەیاند، "وڵاتانی ئەندام لە یەکێتیی ئەوروپا قایلبوون بە ڕێککەوتنی چوونە دەرەوەی بەریتانیا لە یەکێتیی ئەوروپا "برێگزت."

لەوبارەیەوە دۆناڵد توسک سەرۆکی ئەنجومەنی ئەوروپی لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، "ئێمە زۆر نزیکین لە قۆناغی کۆتایی".

وتیشی، "ئەم ڕێککەوتنە نوێیە، پارێزراوە بۆ خەڵکی ھەر ٢٧ وڵاتە ئەندامەکەی یەکێتیی ئەوروپا"، ئاماژەی بەوەش کرد، "ئەمە یەکێتی بازاڕی ئەوروپا دەستەبەردەکات."

توسک دەشڵێت، "دەرگای یەکێتی ئەوروپا ھەمیشە بەڕووی بەریتانیادا کراوەیە ئەگەر ھەر کاتێک بیەوێت بگەڕێتەوە ناو ئەو یەکێتییە".

لە بەرامبەریشدا جێرمی کۆربین سەرۆکی پارتی کرێکارانی بەریتانیا ڕایگەیاند، "ئەوەی ڕێککەوتوون لەسەری زیاترە لە ویستێک، لەگەڵ ئەوەشدا یاساییانە ڕوونکردنەوەیان دا دەربارەی ئەو کێشانەی بەھۆی برێکزتەوە سەرھەڵدەدەن".

ھەروەھا وتیشی، "ئەم ڕێککەوتنە نوێیە ئاشتی و جێگیریی دەھێنێتە ئاراوە لە دوورگەی ئێرلەندا و لە یەکێتیی ئەوروپاشدا، بەگوێرەی ئەو ڕێککەوتنەش قۆناغێکی کاتی پەیڕەو دەکرێت تا کۆتایی ساڵی ٢٠٢٠".