سەردێڕ:

سەرۆکی پەرلەمانی ئەوروپا داوای سەپاندنی سزای قورس بەسەر تورکیادا دەکات

فۆتۆ: 
2019-10-17

3250 جار خوێندراوەتەوە

پەرلەمانی ئەوروپا داوا لە حکومەتی تورکیا دەکات ھێرشەکانی بۆسەر ڕۆژئاوای کوردستان ڕابگرێت، ھەروەھا دەیڤد ساسۆلی سەرۆکی پەرلەمانی ئەوروپا، داوای سەپاندنی سزای قورس بەسەر تورکیادا دەکات.

ئەمڕۆ پێنج شەممە ١٧ی تشرینی یەکەم، لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا دەیڤد ساسۆلی سەرۆکی پەرلەمانی ئەوروپا، لە پەڕاوێزی کۆبوونەوەی یەکییەتی ئەوروپادا لە برۆکسل ڕایگەیاند، " ئێمە شایەتی ئەم شەڕە بەردەوامەین و دەیبینین، بۆیە داوا لە تورکیا دەکەین بە خێرایی ئەم ھێرشانە بوەستێنێ، داواش لە یەکێتی ئەوروپا دەکەین بۆ گرتنە بەری ھەنگاوی سیاسی و دبلۆماسی بۆ لێکۆڵینەوە لەم ڕووداوانە".

لە درێژەی قسەکانیشیدا وتی، "پێویستە ئەم ھێرشانە بوەستێنرێت و ناتوانین لە تورکیای قبوڵ بکەین بەم جۆرە ڕەفتار بکات".

لەو بارەیەشەوە ھەر ئەمڕۆ، ئیمانوێل ماکرۆن سەرۆکی فەرەنسا ڕایگەیاند، وڵاتەکەی کاردەکات بۆ وەستاندنی فرۆشتنی چەک بە تورکیا لەلایەن ئەوروپاوە.

ھەروەھا باسی لەوەش کرد، "لەسەر یەکێتی ئەوروپا پێویستە لەگەڵ ھاوبەشە نێودەوڵەتیە سەرەکییەکانی سنوورێک دابنێت بۆ ئەم ھێرشانەی کە درامایەکی ڕاستەقینەی مرۆڤانەیان درووستکردووە".