سەردێڕ:

کاوە عەبدولقادر: دوای سەد ڕۆژ ھیچ پڕۆژەیەکی ستراتیژی ڕانەگەیەندرا

فۆتۆ: 
2019-10-17

999 جار خوێندراوەتەوە

جێگری سەرۆکی فراکسیۆنی نەوەی نوێ ڕایگەیاند، "ئەمڕۆ تەمەنی کابینەی نۆیەمی حکومەتی ھەرێمی کوردستان گەیشتە سەد ڕۆژ، بەڵام ھیچ چاکسازییەک ئەنجامنەدرا."

کاوە عەبدولقادر جێگری سەرۆکی فراکسیۆنی نەوەی نوێ لە پەرلەمانی کوردستان ڕایگەیاند، "١٠٠ ڕۆژ لە تەمەنی کابینەی نۆیەم تێپەڕی، بەڵام نە بڕیاری گەڕانەوەی پاشەکەوتی موچە درا و نە مووچە خوراوەکانی ھاوڵاتییان گەڕانەوە و نە یاساش سەروەر کرا، بەڵکو ئاو و کارەبا و خزمەتگوزاری وەکو خۆیەتی و ھیچ پڕۆژەیەکی ستراتیژی ڕانەگەیەنرا."

ڕاشیگەیاند، "ھیچ وەزیر و بەرپرسێکیشمان نەبینی بدرێتە دادگا، تا ئێستاش وەزارەتی دارایی چاوەڕێی سامانە سروشتییەکانە پارە بخاتە ئەژمارە بانکییەکەی و، داھاتی نەوتیش ھێشتا لە جانتایەکی داخراودایە و کەس نازانێت داھاتەکەی چەندە و چۆنە و دەچێتە گیرفانی کێ؟"

ئاماژەی بەوەش کردووە، "حکومەت پەنجا ڕۆژە دەستی بەسەر چواردە پێشنیازی پڕۆژە یاسای پێشنیازکراودا گرتووە و ناینێرێتەوە بۆ پەرلەمان کە لەلایەن فراکسیۆنە جیاوازەکان پێشکەشی پەرلەمان کرابوون، بەڵام سەرۆکایەتیی پەرلەمان ئاراستەی حکومەتی کردووە گوایە ڕەھەندی داراییان ھەیە."

ئەوەش لەکاتێکدایە کە پێش دەستبەکاربوونی کابینەی نۆیەم، عەلی حمەساڵح سەرۆکی فراکسیۆنی گۆڕان لە پەرلەمانی کوردستان ڕایگەیاندبوو، ئەگەر لە ماوەی ١٠٠ ڕۆژدا چاکسازی نەکرێت، ئەوا ھەڵوێستیان دەبێت وەک بزوتنەوەی گۆڕان.