سەردێڕ:

پۆلیسی سلێمانی: ڕووداوەکەی ڕۆژنامەنوس ئامانج بابانی خۆکوژیی بووە

هێشتا ٢٤ کاتژمێر بەسەر ڕووداوەکەدا تێنەپەڕیوە
لۆگۆی بەرێوەبەرایەتی پۆلیسی سلێمانی.
فۆتۆ: 
2019-10-17

30756 جار خوێندراوەتەوە

لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا کە پۆلیسی سلێمانی بۆ ڕوونکردنەوەی ڕووداوی کوژرانی ئامانج بابانی پێشکەشکاری کەناڵی ئێن ئار تی و هاوسەر و منداڵەکەی ڕێکی خستبوو ڕایگەیاند، ڕووداوەکە خۆکوژیی بووە.

هەر لەو کۆنفرانسە ڕۆژنامەوانییەدا پۆلیسی سلێمانی ئاماژەی بەوەدا، "هیچ فیشەکێک لە دەرەوەی ئوتومبێلەکەیانەوە بە ئاراستەی ئوتومبێلەکەیان نەتەقێنراوە".

ئەوەشیان وت، "ئامانج یەک فیشەک، لانەی هاوسەری دوو فیشەک و منداڵەکەشیان سێ فیشەکی پێوەیە".

پۆلیسی سلێمانی زیاتری وت، "ئەو ژن و پیاوە کێشەی خێزانییان هەبووە و ڕۆژی ٢٠ی ئۆکتۆبەر جەلسەی سێیەمیانە لە دادگا و پێشتر، دوو جەلسەیان هەبووە".

ئەو کۆنفرانسە دوای ئەوە دێت کە شەوی ڕابردوو، هەریەک لە  ئامانج بابانی پێشکەشکاری دیاری کەناڵی ئێن ئار تی، لانە محەمەدی هاوسەری و منداڵەکەیان لەنێو ئوتومبێلەکەی خۆیاندا لە نزیک تێرمیناڵی شارەزوور، بە کوژراوی گەیەنراونەتە نەخۆشخانە.