سەردێڕ:

بڕیار و ڕاسپاردەکانی کۆبوونەوەی ئەمڕۆی ئەنجومەنی وەزیرانی ھەرێم

فۆتۆ: 
2019-10-16

2829 جار خوێندراوەتەوە

ئەنجومەنی وەزیرانی ھەرێمی کوردستان کۆبوەوە و چەند بڕیارێکی دەربارەی سێ یەکەمەکانی زانکۆ حکومییەکان دەرکرد و، بەبازاڕکردنی ناوخۆیی گەنمی بەرھەمھێنراو و، گفتوگۆکردن دەربارەی چەند گرفتێکی پەیوەندیدار بە وەزارەتی پیشەسازی و بازرگانییش لە کۆبوونەوەکەدا باسکراون.

کۆبوونەوەکە بەسەرۆکایەتی مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەت و جێگرەکەی قوباد تاڵەبانی بەڕێوەچوو، تێیدا گفتوگۆ کرا دەربارەی دامەزراندنی سێ یەکەمەکانی زانکۆ حکومییەکانی ھەرێمی کوردستان بۆ ساڵی ٢٠١٥-٢٠١٦ و، بڕیایدرا بە دامەزراندنیان وەک قۆناغی یەکەمی دامەزراندن.

ھەر لە کۆبوونەوەکەدا بێگەرد تاڵەبانی وەزیری کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو، پڕۆژەیەکی دەربارەی بەبازاڕکردنی ناوخۆیی گەنمی بەرھەمھێنراو لە ھەرێمی کوردستان خستەڕوو، لەوبارەیەوە ئەنجومەنی وەزیران بڕیاریدا چەند وەزارەت و فەرمانگە و دەستەیەکی حکومەت رابسپێرێت، بۆ لێکۆڵینەوەی زیاتر لەبارەی پرۆژەکە ھەتا بڕیاری پێویستی لەبارەوە بدرێت.

ھاوکات سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران ئاماژەی بەوە کرد، گرنگیدان بە کەرتی کشتوکاڵ یەکێکە لە ئەرکە لەپێشینەکانی کارنامەی کابینەی نۆیەمی حکومەتی ھەرێمی کوردستان، ھەروەھا پێویستە کار لەسەر دابینکردنی ئاسایشی خۆراک بکرێت، ھەوڵیش بدەن بازاڕ بۆ بەرھەمە کشتوکاڵییە ناوخۆییەکانی ھەرێمی کوردستان بدۆزرێتەوە.

لەمیانەی کۆبوونەوەکەدا گفتوگۆ دەربارەی چەند گرفتێکی پەیوەندیدار بە وەزارەتی پیشەسازی و بازرگانی کرا، کە لەلایەن کەمال موسلیم وەزیری پیشەسازی و بازرگانی پێشکەش کرا و، لایەنە پەیوەندیدارەکان راسپێردران بۆ چارەسەرکردنیان.

لە کۆتایی کۆبوونەوەکەشدا ڤالا فەرید وەزیری ھەرێم بۆ کاروباری پەرلەمان، کورتەیەکی دەربارەی پرۆژە یاسای ماددە ھۆشبەرەکان پێشکەشکرد، لەوبارەیەوە وەزیرە پەیوەندیدارەکان راسپێردران لە داھاتوویەکی نزیکدا ڕا و سەرنجی خۆیان دەربارەی ئەو ماددانە بخەنەڕوو، کە پەیوەندیدارن بە کاروباری وەزارەتەکانیان تا لە نزیکترین دەرفەتدا بنێردرێت بۆ پەرلەمان.