سەردێڕ:

ئەردۆغان: هێرشەکانمان بۆ باکورى سوریا راناگرین

فۆتۆ: 
2019-10-16

3748 جار خوێندراوەتەوە

وەک ئالەنگارییەک بۆ سزاکانى ئەمریکا رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆک کۆمارى تورکیا داوایەکى دۆناڵد ترەمپى رەتکردەوە بە راگرتنى هێرشەکانیان بۆ سەر باکورى سوریا.

ئەردۆغان لە لێدوانێکى رۆژنامەوانییدا رایگەیاند، وڵاتەکەى هیچ نیگەران نییە بەرانبەر سزاکانى ئەمریکا و داواکەى سەرۆکى ئەمریکاش رەتدەکەنەوە بە راگرتنى هێرشەکانیان.

وتیشى، چوونى سوپاى حکومەتى سوریا بۆ ناو مەنبج لە باکورى سوریا بۆ تورکیا گۆڕانکارییەکى نەرێنى نییە، چونکە خاکى سوریاییە و لەژێر دەسەڵاتى هێزە کوردییەکاندا نییە.

لێدوانەکەى ئەردۆغان دواى ئەوە دێت کە بڕیارە ئەمڕۆ مایک پێنس جێگرى سەرۆکى ئەمریکا سەردانى تورکیا بکات و سەرۆک کۆمارى تورکیا رازى بکات بە راگرتنى هێرشەکانى بۆ سەر باکورى سوریا.

شەوى رابردوو دۆناڵد ترەمپ سەرۆکى ئەمریکا رایگەیاند، جێگرەکەى لەکاتى سەردانى ئەنقەرەدا فشار دەگاتە سەر ئەردۆغان بە سزاى ئابورى زیاتر ئەگەر هێرشەکانى رانەگرێت.