سەردێڕ:

ھیندستان.. منداڵێک بە زیندوویی لە گۆڕێکدا دۆزرایەوە

فۆتۆ: 
2019-10-14

2428 جار خوێندراوەتەوە

سەرۆکی پۆلیسی ناوخۆی ھیندستان ڕایگەیاند، لە باکووری ھیندستان منداڵێکی تازە لەدایکبوویان دۆزیوەتەوە کە بە زیندوویی نێژراوە.

بەپێی ھەواڵێکی ماڵپەڕی بی بی سی، لە ھیندستان منداڵێکی تازە لەدایکبوو، کە لە ڕەگەزی مێیە لەناو گۆڕێکدا دۆزراوەتەوە بە زیندوویی.

ئەبیناندان سینگ کە سەرۆکی پۆلیسی ناوخۆی ھیندستانە ڕایگەیاندووە، منداڵەکە لەلایەن ھاوڵاتییەکی گوندنشینی ئەو ناوچەیە دۆزراوەتەوە، کە ویستوویەتی کچەکەی خۆی بنێژێت، کە چەند خولەکێک پاش لەدایکبوونی مردووە.

وتیشی، منداڵەکە لەناو چاڵێکی قوڕیندا نێژرابوو، کە ٩٠ سانتیمەتر لەژێر زەویدا بووە، ھەر زوو گەیەندرایە نەخۆشخانە و چارەسەری بۆ کرا، لە ئێستاشدا پۆلیس سەرقاڵی لێکۆڵینەوەن لە ڕووداوەکە.

ھەروەھا سینگ ئەوەشی بۆ ڕاگەیاندنەکان باسکرد، لە ویلایەتی ئوتار پرادیش بەدوای دایک و باوکی ئەو منداڵەدا دەگەڕێن، چونکە پێیانوایە بە ئاگاداربوونی ئەوان ئەو کارە کراوە.