سەردێڕ:

وەزیرى دەرەوەى ئەمریکا بە تەلەفۆن پەیوەندى بە سەرۆک کۆمارى عێراقەوە کرد

فۆتۆ: 
2019-10-14

2204 جار خوێندراوەتەوە

ئەمڕۆ دووشەممە ١٤ى تشرینى یەکەمى ٢٠١٩ بەرهەم ئەحمەد ساڵح سەرۆک کۆمارى عێراق پەیوەندییەکى تەلەفۆنى لە مایک پۆمپیۆ وەزیرى دەرەوەى ئەمریکاوە پێگەیشت.

لەو پەیوەندییە تەلەفۆنییەدا هەریەکە لە سەرۆک کۆمارى عێراق و وەزیرى دەرەوەى ئەمریکا باسیان لە پەیوەندییەکانى نێوان هەردوو وڵات و کارکردن بۆ پتەوکردنی ئەو پەیوەندییانە کرد.

لە  پەیوەندییە تەلەفۆنیەکەدا باس لە ئۆپڕاسیۆنە سەربازییەکەى تورکیا بۆسەر سوریا کرا و ،هەردوولا جەختیانکردەوە پێویستە تورکیا هێرشەکانى ڕابگرێت و بوار بۆ هەڵهاتنى چەکدارانی داعش لەو ناوچانە نەڕەخسێنێت.

هەر لەو میانەیەدا، ئەمڕۆ بەرهەم ساڵح سەرۆک کۆمارى عێراق لە ڕێگەى تەلەفۆنەوە پەیوەندى کرد بە ئیمانوێل ماکرۆن سەرۆکى فەڕەنسا و، هەردوو سەرۆک باسیان لە پەیوەندییەکانى نێوان عێراق و فەڕەنسا کرد.

هەروەها لە پەیوەندییەکەى نێوان سەرۆکى عێراق و هاوتا فەڕەنسییەکەیدا، باس لە چۆنێتى پتەوکردنى پەیوەندییەکانى هەردوو وڵات کرا و، جەخت لە پاراستنى ئاسایشى نێوخۆى عێراق و بەرەوپێشبردنى پرۆسەى دیموکراسى لەو وڵاتە کرایەوە.

لەبارەى ئۆپراسیۆنەکانى تورکیا بۆ سەر سوریا، هەردوو سەرۆک نیگەرانیى خۆیان دەربڕی و بە پێویستیان زانى هەرچى زووە ئەو هێرشانە ڕابگیرێن و ئەنقەرە بە گفتوگۆ کێشەکان چارەسەر بکات.