سەردێڕ:

ڕۆیتەرز: چاوەڕوان دەکرێت لە چەند ڕۆژی داهاتوودا ئەمریکا هێزەکانی لە باکووری سووریا بکشێنێتەوە

فۆتۆ: 
2019-10-13

7903 جار خوێندراوەتەوە

ئاژانسی هەواڵیی ڕۆیتەرز لە زاری چەند بەرپرسێکی ئەمریکییەوە بڵاویکردەوە، چاوەڕوان دەکرێت لە چەند ڕۆژی داهاتوودا ئەمریکا هێزەکانی خۆی لە باکووری سووریا بکشێنێتەوە.

هاوکات، پنتاگۆنیش ڕایگەیاند، دۆناڵد ترەمپ فەرمانی بەپەلەی بۆ کشانەوەی هەموو هێزەکانی لە سوریا، کە نزیک دەبنەوە لە هەزار سەرباز، دەرکردووە.

مارک ئێسپەر، وەزیری بەرگری ئەمریکا ڕایگەیاند، "بڕیاری کشانەوەی هەزار سەربازەکە لەدوای ئەوە دێت کە ئەمریکا زانیویەتی هەسەدە لەگەڵ رووسیا و سووریا ڕێکدەکەوێت.

وەزیرە نوێیەکەی بەرگری ئەمریکا، کە تەنها دوو مانگە دەست بەکار بووە، ئاماژەی بەوەشدا، "نامانەوێت بکەوینە بەرداشی چەند هێزێکی دژیەک و هەموو سەربازەکانمان دەکشێنینەوە".

ئەمەش لە کاتێکدایە، ئەمرۆ هەسەدە و ڕووسیا لەسەر ئەوە ڕێککەوتون کە هێزەکانی حکومەتی سووریا بە درێژایی سنوری تورکیا-سووریا بڵاوببنەوە. بەمەش ئەو هەزار سەربازە ئەمریکییەی لە باکوری سووریا ماونەتەوە دەکەونە ناو سێگۆشەی گروپە چەکدارەکانی سەر بە تورکیا، هێزەکانی حکومەتی سووریا و هێزەکانی سوریای دیموکرات (هەسەدە).