سەردێڕ:

بەرپرسێکی کورد: لەڕێگەی تویتەر کشانەوەی ھێزەکانی ئەمریکامان زانیوە

کاروانێکی هێزەکانی ئەمریکا - ئەرشیف
فۆتۆ: 
2019-10-13

6363 جار خوێندراوەتەوە

بەرپرسێکی کورد لە ھێزەکانی سوریای دیموکرات بە گۆڤاری "نیوزویک"ی ئەمریکی رایگەیاندووە، ئیدارەی دۆناڵد ترەمپ، شەڕڤانانی کوردی ئاگادار نەکردووەتەوە لە کشاندنەوەی ھێزەکانیان لە ڕۆژئاوای کوردستان.

ئەو بەرپرسەی ھێزەکانی سوریای دیموکرات کە نەیویستووە ناوی ئاشکرا بکرێت، بە گۆڤارە ئەمریکییەکەی راگەیاندووە، ئەوان لە تویتەرەوە زانیویانە ترەمپ بڕیاری کشاندنەوەی ھێزەکانی وڵاتەکەی لە سوریا داوە.

بەرپرسەکە باسی لەوەش کردووە، شەڕڤانە کوردەکان ھاوپەیمانی ئەمریکا بوون لە جەنگی دژ بەداعش، بەڵام لە تویتەرەوە زانیویانە ترەمپ بڕیاریداوە بە کشانەوەی ھێزەکانی ئەمریکا لە ناوچەی چالاکیی سوپای تورکیا لە ڕۆژھەڵاتی فوڕات.

ئەوەشی خستووەتەڕوو، ھەواڵی کشاندنەوەی هێزەکانی ئەمریکا بووەتە ھۆی سەرسامکردنی ھێزە کوردییەکان بە ڕادەیەکی زۆر، ھەروەھا بە بڕیارێکی قێزەون ناوی دەبات.

ئەمەش لە کاتێکدایە ٩ی تشرینی یەکەم دۆناڵد ترەمپ، بڕیاریدا بە کشاندنەوەی ھێزەکانی ئەمریکا لە ڕۆژئاوای کوردستان، بەم هۆیەشەوە تورکیا ھێرشی کردە سەر ناوچەکە، کە دەیان شەھید و برینداری لێکەوتەوە، هەروەها دەیان هەزار کەسیش ئاوارە بوون.