سەردێڕ:

ژەنەڕاڵ جۆزیف ڤۆتێل: ترەمپ پشتیكردووەتە هاوپەیمانێكی دێرین

فۆتۆ: 
2019-10-10

13109 جار خوێندراوەتەوە

بەپێی هەواڵێکی دەنگی ئەمریکا فەرماندەی پێشووی سوپای ئەمریكا لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ڕایگەیاندووە، “سەرۆکى ئەمریكا هاوپەیمانە كوردەكانى لە گۆڕەپانی شەڕ بەجێهێشت “.

ئەو فەرماندەیەی پێشووی سوپای ئەمریكا لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەشڵێت، دۆناڵد ترەمپ پشتیكردووەتە هاوپەیمانێكی لەمێژینەى خۆى، كە هێزێکى سەرەكی ناو هێزەكانی سوریای دیموكراتە و، پابەندی بەڵێنەكانیان بوون لە هەڵمەتێكی پێنچ ساڵیدا بۆ لەناوبردنی داعش.

وتیشی، “ئەم سیاسەتی كشانەوەیە هەڕەشەیەكە بۆ هەڵوەشاندنەوەی یاخود بە فیڕۆدانی ماوەی پێنچ ساڵی شەڕكردن دژی داعش و، بە توندی زیان دەگەیەنێت بە باوەڕ و متمانەپێكردنی ئەمریكا لە هەر شەڕێكی داهاتوو لەو شوێنانەی كە پێویستمان بە هاوپەیمانانی بەهێز بێت”.

ئاماژەی بەوەشداوە، “هێزەكانی سوریای دیموكرات بە دەیان هەزار میل چوارگۆشە خاك و ملیۆنان كەسیان لە چنگی داعش ڕزگاركردووە و لەو پێناوەدا ١١ هەزار قوربانی داوە لە كاتێكدا ئەمریكا تەنها ٦ سەرباز و ٢كەسی سڤیلی لەو شەڕدا كوژراوە”.

ئەوەش لەکاتیکدایە، ماوەی دوو ڕۆژە سوپای تورکیا ھێرشێکی بەرفراوانیان کردووەتە سەر ڕۆژئاوای کوردستان و تا ئێستا زیاتر لە ١٥ ھاوڵاتی سڤیل و شەڕڤانی ھەسەدە شەھیدبوون.