سەردێڕ:

ڕوانگەی سووری بۆ مافەکانی مرۆڤ: بەهۆی هێرشەکانی تورکیاوە زیاتر لە ٦٠ هەزار کەس ئاوارە بوون

فۆتۆ: 
2019-10-10

1586 جار خوێندراوەتەوە

ڕوانگەی سووری بۆ مافەکانی مرۆڤ ڕایگەیاند، بەهۆی هێرشەکانی تورکیاوە زیاتر لە ٦٠ هەزار کەس ئاوارە بوون.

هەر لە ڕاگەیاندراوەکەیاندا هاتووە، "تەنها لە کەمتر لە ٣٦ کاتژمێردا، ٦٠ هەزار کەس لە ماڵ و حاڵی خۆیان ئاوارە بوون".

هاوکات ئەوەشیان وتووە، "لە ترسی هێرشی سوپای تورکیا، هاوڵاتی سیڤیل لە شارەکاندا هەڵدێن بەرەو پەناگە دوورەکان".

ئەمەش دوای ئەوە دێت کە ئەمریکا هێزەکانی خۆی لەسەر سنوری تورکیا-سوریا کشاندەوە، لە دوێنێ ئێوارەوە هێرشی تورکیا دەستی پێکردووە. ئەگەرچی ڕوون نییە ژمارەی کوژراوان چەندن، بەڵام بەپێی ئەو زانیارییانەی دەست ئێن ئار تی کەوتووە، لانی کەم ٣ شەڕڤان و دەیان هاوڵاتی مەدەنی شەهیدبوون و هەسەدەش ڕایگەیاندووە لەھێرشەکانی دوێنێدا پێنج سەربازی تورکیا کوژراون و چوار تانکی سوپای تورکیایان لەسنوری گرێ سپی تێکشکاندووە. هەسەدە ئەمرۆش ڕایگەیاند کە فرۆکەیەکی چاودێریی سوپای تورکیایان خستووەتە خوارەوە. وەزارەتی بەرگری تورکیاش ڕایگەیاندووە، لەدوێنێوە چەند ناوچەیەکمان کۆنترۆڵ کردووە و پێشڕەویمان بەردەوامە. هەر ئەمرۆ ئەردۆغان وتی کە متمانەیان بە سەرکەوتنی سوپاکەیان هەیە لەو شەڕەدا. سەرلەبەیانی ئەمرۆش هەسەدە ڕایگەیاند بۆردومانکردنی شاری سەرێکانی لەلایەن تورکیاوە بەردەوامە.