سەردێڕ:

ژنانى سعودیە بە پێنج مەرج بۆیان هەیە سەیرى یارى تۆپى پێ بکەن

فۆتۆ: 
2019-10-10

3486 جار خوێندراوەتەوە

دەستەى گشتى وەرزشى سعودیە، پێنج مەرجى دیاریکردووە بۆئەو ژنانەى وڵاتەکەى کە دەیانەوێت بچنە یاریگاکان بۆ سەیرکردنى یارى تۆپى پێ.

ماڵپەڕی ڕوسیا تودەى بڵاویکردەوە، مەرجەکان بریتین لە چونەژورەوەى ژنان بۆ ناو شوێنى تەماشاکردن لە دەرگاى تایبەت بە ژنانەوە، هەروەها دەبێت لە شوێنى دانیشتنى تایبەت بە بەشى ژنان دابنیشن.

ژنانی سعودییە مەرجی ئەوەشیان بۆ دیاریکراوە ئەو ژنانەشى بە پێوە دەوەستن لە بەشى تایبەت بە ژنان ڕابووەستن، کارمەندى ژن سەرپەرشتیارى بەشى ژنان بکات، هەروەها شوێنى دەستشۆرى تایبەت بە ژنان تەرخانبکرێت.

دەسەڵاتدارانى سعودیە لە مانگى تشرینى یەکەمى ٢٠١٨ دا بە بڕیارێک ڕێگەى بە ژنانى ئەو وڵاتە دا بچنە ناو یاریگاکانەوە بۆ تەماشاکردنى چالاکیە وەرزشیەکان، ئەمەش لە چوارچێوەی ئەو یاسا نوێیانەی وڵاتەکەدا دێت کە تیایدا زیاتر ڕەچاوی مافەکانی ژنان کراوە.