سەردێڕ:

داواکاری گشتی ئەنقەرە لێکۆڵینەوە لە هاوسەرۆکانی هەدەپە دەکات

لای ڕاست سەزای تەمەلی و لای چەپ پەروین بوڵدان، هاوسەرۆکانی هەدەپە.
فۆتۆ: 
2019-10-10

1234 جار خوێندراوەتەوە

بەگوێرەی ڕاگەیەندراوێکی داواکاری گشتی تورکیا، کە لە میدیا تورکییەکانەوە بڵاوکراوەتەوە، هاوسەرۆکانی هەدەپە و پەرلەمانتارانی هەدەپە، تۆمەتبارکراون بە بانگەشەکردن و ستایشکردنی شەڕڤانان، هەروەها تۆمەتی سوکایەتیکردن بە دەوڵەتی تورکیایان خراوەتەپاڵ.

ئەو داواکاری گشتییە لێکۆڵینەوە لە پەروین بوڵدان و سەزای تەمەلی هاوسەرۆکانی هەدەپە و سێ پەرلەمانتاری دیکە دەکات.

ئەمەش لەکاتێکدایە، پارتی دیموکراتی گەلان (هەدەپە) لە هەژماری فەرمی خۆی لە تویتەر نوسیبووی، هەوڵی تورکیا بۆ داگیرکردنی ڕۆژئاوا تاوانی دژ بە مرۆڤایەتییە و پێشێلکاری هەموو یاسا نێودەوڵەتییەکانە.

هەدەپە ئەوەشی نوسیبوو، ئەو هێرشە دەرفەت دەداتە داعش، کە ڕیزەکانی یەکبخاتەوە و ناوچەکە بەرەو دۆخێکی تاریک دەبات، هاوشێوەی ساڵی ٢٠١٤، شان بە شانی ڕۆژئاوا بوەستن، دژی جەنگ بوەستنەوە.

ئەمەش دوای ئەوە دێت کە ئەمریکا هێزەکانی خۆی لەسەر سنوری تورکیا-سوریا کشاندەوە، لە دوێنێ ئێوارەوە هێرشی تورکیا دەستی پێکردووە. ئەگەرچی ڕوون نییە ژمارەی کوژراوان چەندن، بەڵام بەپێی ئەو زانیارییانەی دەست ئێن ئار تی کەوتووە، لانی کەم ٣ شەڕڤان و دەیان هاوڵاتی مەدەنی شەهیدبوون و هەسەدەش ڕایگەیاندووە لەھێرشەکانی دوێنێدا پێنج سەربازی تورکیا کوژراون و چوار تانکی سوپای تورکیایان لەسنوری گرێ سپی تێکشکاندووە. هەسەدە ئەمرۆش ڕایگەیاند کە فرۆکەیەکی چاودێریی سوپای تورکیایان خستووەتە خوارەوە. وەزارەتی بەرگری تورکیاش ڕایگەیاندووە، لەدوێنێوە چەند ناوچەیەکمان کۆنترۆڵ کردووە و پێشڕەویمان بەردەوامە. هەر ئەمرۆ ئەردۆغان وتی کە متمانەیان بە سەرکەوتنی سوپاکەیان هەیە لەو شەڕەدا. سەرلەبەیانی ئەمرۆش هەسەدە ڕایگەیاند بۆردومانکردنی شاری سەرێکانی لەلایەن تورکیاوە بەردەوامە.