سەردێڕ:

ئەردۆغان: ژمارەیەکی زۆر پیلانی ناوخۆیی و دەرەکی هەبوو بەرامبەرمان

فۆتۆ: 
2019-10-10

9630 جار خوێندراوەتەوە

کەمێک لەمەوبەر سەرۆک کۆماری تورکیا، ڕەجەب تەییب ئەردۆغان، لە کۆبوونەوەیەکی حیزبەکەیدا ڕایگەیاند، ژمارەیەکی زۆر پیلانی ناوخۆیی و دەرەکی هەبووە لە بەرامبەریان.

سەرۆکەکەی تورکیا هەر لەو کۆبوونەوەدا وتی، "ئێمە ئەم ئۆپراسیۆنە دەکەین بۆ ئەوەی تیرۆر لەناو بەرین و هەموو جۆرە چەکێکیشمان داوە بە سەربازەکانمان".

ئاماژەی بەوەشدا، "دەمانەوێت ژمارەیەکی زۆر لە ناوچە و بنکەکانی تیرۆریستان لەناو بەرین لە ناوەوە و دەرەوەی وڵاتەکەماندا".

ئەوەشی وت، "بڕوامان وایە سوپای تورکیا دەتوانێت سەربکەوێت و بەردەوامیش دەبین لە کارەکانمان لە باکوری سوریا و سەرجەم هێزە چەکدارەکان لە ڕۆژهەڵاتی فوڕات لەناو دەبەین".

ئەردۆگان زیاتری وت، "ئێمە خەڵکی سوریامان خۆش دەوێت لەناویشیاندا برا کوردەکانمان، بەڵام حکومەتی سوریا خۆی بەرپرسیارە لە هاتنی سوپای تورکیا بۆ ئەو ناوچەیە".

ئەمەش دوای ئەوە دێت کە ئەمریکا هێزەکانی خۆی لەسەر سنوری سوریا-تورکیا کشاندەوە، لە دوێنێ ئێوارەوە هێرشی تورکیا دەستی پێکردووە، هەرچەندە ڕوون نییە ژمارەی کوژراوان چەندن، بەڵام بەپێی ئەو زانیارییانەی دەست ئێن ئار تی کەوتووە، لانی کەم ٣ شەڕڤان و دەیان هاوڵاتی مەدەنی شەهیدبوون و هەسەدەش ڕایگەیاندووە لەھێرشەکانی دوێنێدا پێنج سەربازی تورکیا کوژراون و چوار تانکی سوپای تورکیایان لەسنوری گرێ سپی تێکشکاندووە. وەزارەتی بەرگری تورکیاش ڕایگەیاندووە، لەدوێنێوە چەند ناوچەیەکمان کۆنترۆڵ کردووە و پێشڕەویمان بەردەوامە. سەرلەبەیانی ئەمرۆش هەسەدە ڕایگەیاند کە هێشتا بۆردومانکردنی شاری سەرێکانی لەلایەن تورکیاوە بەردەوامە.