سەردێڕ:

ئەو دوو چەکدارەی داعش کێن کە ڕادەستی ئەمریکا کراون؟

لەلایەن شەڕڤانانەوە ڕادەستی ئەمریکا کراون
فۆتۆ: 
2019-10-10

32919 جار خوێندراوەتەوە

دەیان چەکداری داعش لەلایەن شەڕڤانانەوە ڕادەستی هێزەکانی ئەمریکا کران، بۆ ئەوەی ڕێگری لە هەڵاتنیان بکرێت، لە نێویشیاندا دوو چەکدار هەیە کە بە "مەترسیدارترین" چەکداری داعش لە نێو میدیا جیهانییەکاندا ناویان دەبرێت.

ئەلێکساندەر کۆتێی و شەفیعی ئەلشێخ ئەندامبوون لە گروپی چەکداری "زە بیتتڵس" کە گروپێکی چوار کەسی بوون و بەرپرسبوون لە سەربڕینی ژمارەیەک دیلی بیانی دەستی داعش، لە نێویشیاندا ئاڵن هانینگ و دەیڤد هاینێس کە دوو کەسی بەڕەچەڵەک بەریتانی بوون و کاری مرۆییان دەکرد لە سوریا، هەروەها جەیمس فۆڵی و ستیڤن سۆتلۆف کە دوو ڕۆژنامەنوسی ئەمریکی بوون.

سەرۆکی ئەو گروپە چوار کەسییە، محەمەد ئیموازی بە ڕەچەڵەک کوەیتی بوو کە لە میدیاکاندا بە "جیهادی جۆن" ناویدەرکردبوو، لە چەند گرتەیەکی ڤیدیۆیی داعشدا دەرکەوتبوو کە تیایدا سەری دیلەکانی دەبڕی، ناوبراو لە هێرشێکی فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی ئەمریکادا ساڵی ٢٠١٥  لە ڕەقە کوژرا.

ئەندامەکەی دیکەش ئەیلی دەیڤس بوو، کە لە بەریتانیا کاری بازرگانیکردن بوو بە ماددەی هۆشبەرەوە، ناوبراو ساڵی ٢٠١٧ لە تورکیا دەستگیرکرا و سزای حەوت ساڵ زیندانی بەسەردا سەپێندرا بە تۆمەتی پەیوەندیبوون بە "ڕێکخراوی تیرۆرستییەوە".

گروپی چەکداری بیتڵس بووە جێی سەرنجی میدیاکانی جیهان، و دەستگیرکردن و کوژرانی ئەندامەکانیشی بەگرنگییەوە باسیان لێوەکرا، ئەمڕۆش دۆناڵد ترەمپ لە تویتێکیدا ڕایگەیاندبوو "ئەو دوو چەکدارەی داعش کە ڕادەستی ئەمریکا کراون خراپترینی خراپترینەکانن".