سەردێڕ:

دوو کۆنگرێسمان پرۆژە یاسایەک بۆ سەپاندنی سزا بەسەر تورکیا ئامادە دەکەن

فۆتۆ: 
2019-10-10

18743 جار خوێندراوەتەوە

ئەگەر پرۆژەیاساکەی لیندزی-ڤان هۆڵن لە کۆنگرێس تێپەڕێت ئەوا کۆمەڵێک سزای قورس بەسەر تورکیادا دەسەپێنرێن.

لیندزی گراهام و کریس ڤان هۆڵن پرۆژە یاساکەیان دژی تورکیا ئامادە کردووە و ئەگەر لە کۆنگرێس تێپەڕێت ئەوا کۆمەڵێک سزای قورس کە خۆی لە هەشت کۆمەڵە سزادا دەبینێتەوە بەسەر تورکیادا دەسەپێنێت، لە نێویاندا خودی ئەردۆغان خۆی.

کۆمەڵە سزای یەکەم بریتییە لە سەپاندنی سزا بەسەر سەروەت و سامانی سەرکردەکانی تورکیا؛ لە نێویاندا، سەرۆک، جێگری سەرۆک، وەزیری دەرەوە، بەرگری، دارایی، بازرگانی و وزە و سامانە سروشتییەکان

کۆمەڵە سزای دووەمیش سەپاندنی سزایە بەسەر هەر کەسێکی بیانییدا کە چەک و پێداویستیی فڕۆکەوانی و تەکنەلۆجی و سەربازی بە سوپای تورکیا بفرۆشێت.

کۆمەڵە سزای سێیەم، سەپاندنی سزا بەسەر هەر کەس و لایەنێکدا کە پێداویستی و خزمەتگوزاریی و زانیاریی بۆ بەرهەمهێنانی کەرتی وزەی تورکیا دابین بکات کە بۆ هێزە چەکدارەکانی بەکاربهێنرێت

کۆمەڵە سزای چوارەمیش قەدەغەکردنی فرۆشتنی زانیاریی و کەلوپەلی سەربازیی لەلایەن ئەمەریکاوە بە تورکیا

کۆمەڵە سزای پێنجەم دەچێتە چوارچێوەی سزادانی ئەو وڵاتانەی بە نەیاری ئەمریکا هەژمار دەکرێن، تورکیاش بە کڕینی S-400 دەخرێتە ئەو ڕیزەوە

شەشەم کۆمەڵە سزا بریتییە لە ئاڵوگۆڕنەکردنی زانیاریی هەواڵگری و نەناردنی یارمەتیی مرۆیی و تەندروستی.

حەوتەم کۆمەڵە سزاش ڕاپۆرتی داواکراوە لەسەر سەرمایەی خودی ئەردۆغان

هەشتەم و دوایین کۆمەڵە سزای ڤیزا نەبەخشینە بە سەرۆک و بەرپرسانی تورکیا بۆ ئەوەی گەشتی ئەمریکا بکەن.