سەردێڕ:

ئەنجومەنی وەزیران دۆخی عێراق و سوریا تاوتوێ دەکات

فۆتۆ: 
2019-10-09

411 جار خوێندراوەتەوە

مەسرور بارزانی سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران لە کۆبونەوەی ئەنجومەنەکەدا،  دەربارەی خۆپیشاندانەکانی ئەم دواییانەی عێراق باسی لەوەکرد، لە کاتێکدا پشتگیریی لە داوا رەوا و یاساییەکانی خۆپیشاندەران دەکەین، کە بە شێوازێکی ئاشتیانە و مەدەنییانە پێشکەشی بکەن.

ئەمڕۆ چوارشەممە ٩ی تشرینی یەکەم، کۆبونەوەکە بە ئامادە بوونی قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆک وەزیران، بەڕێوەچوو کە تیایدا دۆخی ئەم دواییانەی عێراق و سوریایان تاوتوێکرد.

سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران باسی لەوە کرد کە پشتگیری داوا ڕەوا و یاساییەکانی خۆپیشاندەرانن بەڵام ئەگەر بە شێوازێکی ئاشتیانە و مەدەنییانە بێت، لە ھەمانکاتدا پشتگیریی ئەنجومەنی وەزیرانی بۆ عادل عابدول مەھدی، سەرۆک وازیرانی عێراق دەڕبری بۆ چارەسەری کێشەکان.

ھەروەھا لە کۆبوونەوەکەشدا مەسرور بارزانی، تیشکی خستە سەر پەرەسەندنەکانی ئێستای دۆخی سوریا و  ئاماژەی بەوەدا کە ئاڵۆزتربوونی دۆخی باکووری رۆژھەڵاتی سوریا کاریگەریی و دەرئەنجامە نەرێنییەکانی تەنیا لە چوارچێوەی سنووری سوریادا نامێنێتەوە و دەبێتە ھۆی ئاوارەبوونی ھەزاران کەس و بەشێکی زۆریشیان پەنا بۆ ھەرێمی کوردستان دەھێنن.

ھەروەھا وتیشی "بۆیە پێویستە کێشەکان بە رێگەی گفتوگۆ و ئاشتیانە چارەسەر بکرێن و بڕیاری تاکلایەنەی سەربازیی لە بەرژەوەندی ھاووڵاتیانی ناوچەکەدا نییە".

ھەر لە چوارچێوەی کۆبوونەوەکەدا رێبەر ئەحمەد وەزیری ناوخۆی حکومەتی ھەرێمی کوردستان، راپۆرتێکی دەربارەی ئامادەکاریی و پێداویستییەکانی ئەگەری ھاتنی شەپۆلی پەنابەران لە سوریاوە بۆ ھەرێمی کوردستان خستەڕوو، داواش لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و نەتەوە یەکگرتووەکان کرا، بەرپرسیارێتی خۆیان لە ئەستۆ بگرن لە ھاوکاریکردنی ھەرێمی کوردستان بۆ میوانداریکردنی شەپۆلی نوێی پەنابەرانی سوریا.