سەردێڕ:

وەزیری دەرەوەی سوریا هۆشداریی دایە تورکیا

وەلید موعەلیم، وەزیری دەرەوەی سوریا.
فۆتۆ: 
2019-10-09

18160 جار خوێندراوەتەوە

وەزیری دەرەوەی سوریا و کۆمکاری عەرەبیی، هۆشدارییان دایە تورکیا لە ئەگەری هەر هێرشێکی سەربازیی بۆ سەر باکوری سوریا.

وەلید موعەلیم وەزیری دەرەوەی سوریا ڕایگەیاند، ئەوان بە توندی ئیدانەی هەر دەستدرێژییەکی دووژمنکارانەی سوپای تورکیا لەسەر سنوری وڵاتەکەیان دەکەن.

وتوشییەتی، "هەنگاوێکی لەوجۆرەی تورکیا مانای پێشێلکردنى بڕیاری نەتەوە یەکگرتووەکانە کە جەخت لە یەکێتیی و یەکپارچەیی و سەروەری خاکی سوریا دەکاتەوە".

لای خۆشیانەوە، لە بەیاننامەیەکیاندا، کۆمکاری عەرەبی هەر سنوربەزاندنێکی تورکیا بۆ ناو خاکی سوریا ڕەتدەکەنەوە وبە هەڕەشەیەکی گەورەی دەزانن لەسەر سەروەری خاکی سوریا.

 سکرتێری کۆمکاری عەرەبی، ئەحمەد ئەبولغەیت ڕایگەیاند، "تورکیا واباشترە یارمەتی سوریا بدات تا لەو قەیرانە مرۆیی و سیاسییانەی تێیدایە ڕزگاریی ببێت، و بۆ ئەوەش هەموو دەرگایەک بەڕوویدا کراوەیە".

هاوکات میدیایەکى تورکیا بڵاویکردۆتەوە، ئەنقەرە ١٢٠ ئۆتۆمبێلى سەربازى بردۆتە ناو خاکى سوریا.

 ئەمەش لە کاردانەوەی بڕیارەکەی ترەمپ، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکایە بە کشانەوەی هێزەکانیان لەسەر سنوری ڕۆژئاوا و تورکیا. ترەمپ دوای بڕیارەکە وتبوی کە ئەوان پشتی کوردەکان بەر نادەن. ڕوسیاش ئاماژەی بەوە کردبوو کە گومانیان هەیە لە جێبەجێکردنی ئەو بڕیارەی ئەمریکا. هێزەکانی سوریای دیموکراتیش وتبویان کە تا دوا سات بەرگری لە خاکەکەیان دەکەن لە ئەگەری هەر هێرشێکی تورکیادا.