سەردێڕ:

سلێمانى.. لیژنه‌ هاوبه‌شه‌كان پشكنین بۆ خواردەمەنی ناوه‌نده‌كانی خوێندن ده‌كه‌ن

فۆتۆ: 
2019-10-09

1372 جار خوێندراوەتەوە

سەرۆکی لیژنە هاوبەشەکانی قایمقامیەتی سلێمانی ڕایگەیاند، لیژنه‌کانیان به‌ به‌رده‌وامی سه‌ردانی ناوه‌نده‌كانی خوێندن دەكه‌ن بۆ پشكنینی ئه‌و خواردن و خواردنه‌وانه‌ی له‌ فرۆشگاكان ده‌فرۆشرێت.

به‌ختیار فه‌ره‌ج، سه‌رۆكی لیژنه‌ی یه‌كی سه‌ربه ‌لیژنه‌ هاوبه‌شه‌كان رایگه‌یاند، قائیمقامی سلێمانی فه‌رمانی به‌ لیژنه‌كان كردووه‌ رۆژانه‌ سه‌ردانی فرۆشگای ناوه‌نده‌كانی خوێندن بكه‌ن، له‌لایه‌ن لیژنه‌كانیشه‌وه‌ پشكنین بۆ ئه‌و خواردن و خواردنه‌وانه‌ ده‌كرێت بۆ ‌خوێندكاره‌كان ئاماده‌ده‌كرێت.

ڕاشیگەیاند، "جێبه‌جێكردنی مه‌رجه‌كانی ته‌ندروستی یه‌كێكه‌ له‌ بنه‌ماکانی كاركردن له‌ فرۆشگای خوێندنگه‌كاندا، لە بەرئەوە پێویسته‌ خاوه‌نه‌كانیان پابه‌ندبن به‌مه‌رجه‌كانی كاركردن به‌پێچه‌وانه‌وه‌ سزای شوێنه‌كه‌ ده‌درێت".

ئاماژەی بەوەشکرد، خوێندنگه‌كان دەبێت پابه‌ندبن به‌جێبه‌جێكردنی لیستی ‌ئه‌و خواردن و خواردنه‌وانه‌ی له‌لایه‌ن به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی ته‌ندروستی سلێمانیه‌وه‌ ئاماده‌كراوه‌‌ و‌ رێگری له‌ فرۆشتنیان له‌ناوه‌نده‌كانی خوێندن ده‌كات كه‌ له‌(شیر و شه‌ربه‌تی پاكه‌ت، بنێشت، نوقڵ، له‌فه‌ی سوره‌كراو، هه‌موو جۆره‌كانی چپس و خواردنه‌وه‌ گازییه‌كان) پێكهاتوون.

ئەوەشی خستەڕوو، لیژنه‌ هاوبه‌شه‌كانی قائیمقامیه‌ت له‌ڕێی نوێنه‌ره‌كانی به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی چاودێری بازرگانییه‌وه‌ رێگری له‌ گرانفرۆشی له‌ناوه‌نده‌كانی خوێندن ده‌كات به‌جۆرێك نابێت نرخی خوارده‌مه‌نییه‌كانی بەراورد بە ‌ده‌ره‌وه‌ی فرۆشگای خوێندنگاكان زیاتر بێت.

هاوکات، لیژنه‌كانی قائیمقامیه‌ت پشكنین بۆ ته‌نكیی ئاوی خوێندنگا و باخچه‌ی منداڵان و دایه‌نگه‌كانیش ده‌كەن.