سەردێڕ:

ئەمریکا داواى لە عێراق کردووە دانبەخۆداگرتن و پشودرێژی هەبێت بەرامبەر بە خۆپیشاندەران

فۆتۆ: 
2019-10-09

802 جار خوێندراوەتەوە

وەزیری دەرەوەی ئەمریکا لە پەیوەندیەکی تەلەفونیدا لەگەڵ عادل عەبدولمەهدی سەرۆک وەزیرانی عێراق داوای لێکردووە حکومەتی بەغدا ئەوپەڕی دانبەخۆداگرتن و پشودرێژی هەبێت بەرامبەر بە خۆپیشاندەران.

بە پێی راگەیەنراوێکی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا مایک پۆمپیۆ لەو پەیوەندیە تەلەفونیەدا خۆپیشاندان و ناڕەزایەتی دەربڕینی ئاشتیانەی بە کۆڵەکەی سەرەکی دیموکراسی ناوبردووە و جەختی لەوەشکردوەتەوە کە توندوتیژی لەلایەن هێزە ئەمنیەکان و خۆپیشاندەرانەوە رەتکراوەیە.

وەزیری دەرەوەی ئەمریکا داواشی لە سەرۆک وەزیرانی عێراق کردووە لێپێچینەوە لەو کەسانە بکات کە لە میانی خۆپیشاندانەکانی رۆژانی رابردوو مافەکانی مرۆڤیان پێشێل کردوە.

پۆمیۆ هاوکات پشتیوانی واشنتۆنی بۆ عێراقێکی بەهێز، سەربەخۆ و خۆشگوزەران دوپات کردۆتەوە و داوای لە عادل عەبدولمەهدی کردووە هەنگاوی خێرا بە ئاراستەی چاکسازی و بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی و بەجێگەیاندنی داواکاری خۆپیشاندەران هەڵبگرێت.