سەردێڕ:

دواى شەش رۆژ لە خۆپیشاندانەکان دەسەڵاتدارانى عێراق کەوتنە خۆیان

محەمەد حەلبوسی سەرۆکی پەرلەمانی عێراق
فۆتۆ: 
2019-10-09

2548 جار خوێندراوەتەوە

پەرلەمانى عێراق پاش چەند رۆژێک لە گرژى و توندوتیژى، کۆبوونەوەیەکى تایبەتى بە تاوتوێکردنى داواکاریى خۆپیشاندەران سازکرد و تیایدا ٢٠ بڕیارى دەرکرد، کە سەرجەمیان بە وەڵامدەرەوەى داواکاریى خەڵکى ناڕازى و خۆپیشاندەران ناوزەد کردووە.

لە سەرەتاى دانیشتنەکەوە، ئەو لیژنەیەى کە پەرلەمان دروستیکردبوو بۆ جێبەجێکردنى داواکاریى خۆپیشاندەران، پێشنیازەکانى خۆیان خوێندەوە، کە گرنگترینیان بریتیبوو لە، دانانى قوربانیانى خۆپیشاندانەکان بە شەهید و قەرەبووکردنەوەى بریندارەکان، هەروەها پێدانى بیمەى بێکارى بە بێکاران لە خاوەن بڕوانامەکان و بێ بڕوانامەکان، گێڕانەوەى هەموو ئەو کارمەندانەى وەزارەتەکانى ناوخۆ و بەرگرى، کە گرێبەستەکانیان هەڵوەشێنراوەتەوە و دەستبەجێ پەیوەندیکردنەوەیان بە یەکە سەربازییەکانیانەوە، هەروەها وەزارەتى بەرگرى دەستبەجێ دەرگاى دامەزراندن لە ڕیزى هێزە چەکدارەکان بۆ تەمەنەکانى نێوان ١٨ تا ٢٥ ساڵ بکاتەوە، هەروەها لیژنەکە پێشنیازى کرد کە هەڵمەتى لابردنى زیادەڕۆییەکان لە شوێنى نیشتەجێبوون کۆتایى پێ بهێنرێت، هەروەک پێشنیازى ئەوەشیان کرد کە حکومەت جوتیاران لە کرێى ساڵانەى ئەو زەویانە ببورێت کە پێیداون و، دەستبەجێ ئازادکردنى هەموو دەستگیرکراوەکان، بە دواداچوونى هەموو رێوشوێنەکانى لێکۆڵێنەوە بۆ ئەو توندوتیژیانەى روویانداوە. لە کۆبوونەوەکەى پەرلەمانى عێراقدا، وێڕاى پەرلەمانتاران، میواندارى هەردوو وەزیرى کار و کاروبارى کۆمەڵایەتى و هەروەها وەزیرى بازرگانى عێراق کرابوو.

لە دانیشتنەکەدا، پەرلەمانى عێراق پرسى هەڵوەشاندنەوە یان مانەوەى ئەنجومەنى پارێزگاکانى ئێستاى عێراقى تاوتوێ کرد، بەڵام بڕیاریدا کە ئەو پرسە بە لیژنەى یاسایى پەرلەمان بسپێرێت تا ئەوان بڕیارى گونجاوى لەبارەوە بدەن.

هەرچى سەبارەت بەداواکارییە هەنووکەییەکانى خۆپیشاندەرانە، پەرلەمان بڕیاریدا ١٣٤٤ کەس لە گەنجان و دەرچووانى زانکۆو پەیمانگاکان دابمەزرێنێت.

هەر لە چوارچێوەى دۆزینەوەى هەلی کار بۆ گەنجان، وەزارەتى کارى حکومەتى فیدراڵى پێگەیەکى ئەلکترۆنیى کردووەتەوە بۆ ناو تۆمارکردن و دۆزینەوەى هەلی کار لەلایەن حکومەتەوە.

هاوکات پەرلەمان بڕیاریدا کە هەموو ئەو وانەبێژانەى تا ئێستا بێ بەرامبەر وانەیان وتووەتەوە، لە یاساى بودجەى گشتیى ساڵى ٢٠٢٠دا بکرێنە گرێبەست، کە ئەم بڕیارەش بەشێک لە خاوەن بڕوانامەکان لێى سوودمەند دەبن.

ماوەى شەش رۆژ بەغداى پایتەخت و چەند شارێکى ترى ناوەڕاست و باشوورى عێراق، خۆپیشاندانى جەماوەرى بەخۆوە بینى، کە دواتر خۆپیشاندانەکان توندوتیژیان لێکەوتەوەو بەگوێرەى دوایین ئاماریش ١٦٥ هاووڵاتى و ئەندامى هێزە ئەمنییەکان کوژران و زیاتر لە شەش هەزار کەسیش لە هەردوولا برینداربوون، هەروەک چەند گروپێکى چەکداریش هەڵیانکوتایە سەر چەند دەزگایەکى راگەیاندن و پەخشەکانیان راگرتن و ئامێرو کەلوپەلەکانیان شکاندن.