سەردێڕ:

لە ناحیەی بالیسان هاوڵاتییان قوتابخانەیەک دادەخەن

فۆتۆ: 
2019-10-08

782 جار خوێندراوەتەوە

بەشێک لە دانیشتووان و قوتابیانی گوندی خەتێی سەربە ناحیەی بالیسانی قەزای شەقڵاوە، دەرگای قوتابخانەی گوندەکەی خۆیان داخست بەهۆی کەموکورتی لە پێداویستییەکانی خوێندن و کێشەی کەمیی مامۆستا.

بەشێک لە دانیشتووان و قوتابیانی ئەو گوندە، ئەمڕۆ ٨ی تشرینی یەکەم گردبوونەوەیەکیان ئەنجامدا و هەروەها دەرگای قوتابخانەکەیان داخست، باس لەوە دەکەن کە کەموکورتی هەیە لە پێداویستیی قوتابخانەکەیان و کێشەی کەمیی مامۆستایان هەیە.

بەپێی وتەی کەسوکاری قوتابییەکان، ئێستا زیاتر لە ١٠٠ قوتابی بنەڕەتی لەو گوندە هەن، هەروەها قوتابخانەکە لە پۆلی یەک تا شەشی تێدایە، بەڵام تەنها چوار مامۆستایان هەیە.

ساڵی ڕابردوو بەهۆی کەمیی مامۆستاوە پۆلەکانی حەوت و هەشت و نۆی بنەڕەتی بەڕووی ٧٠ قوتابیی ئەو گوندەدا داخران و، بەو هۆیەوە ٣٠ قوتابی وازیان لە خوێندن هێناوە.

یەکێک لە دانیشتووانی ئەو گوندە باس لەوە دەکات، زیاتر لە ٤٠ ساڵە قوتابخانە لەو گوندەدا هەیە، بەڵام بەهۆی داخستنی قوتابخانەی گوندەکەیان قوتابیان ناتوانن بچنەوە بۆ هۆڵەکانی خوێندن وەک ڕۆژانی ڕابردوو.

لەوبارەیەوە بەڕێوەبەری ناحیەی بالیسانیش وتی، قسەیان لەگەڵ پەروەردەی شەقڵاوە کردووە و بە زووترین کات کێشەکانیان چەرەسەر دەکەن.

گوندی خەتێ سەربە ناحیەی بالیسانی قەزای شەقڵاوەیە، زیاتر لە ١٠٠ ماڵی لێیە و دانیشتووانەکەی نزیکەی ٥٥٠ کەس دەبن.