سەردێڕ:

سەندیکاى ڕۆژنامەنووسان بەیاننامەیەکى لەبارەى دۆخى ڕۆژنامەگەرى لە عێراق بڵاوکردەوە

فۆتۆ: 
2019-10-08

309 جار خوێندراوەتەوە

سەندیکاى نیشتیمانى ڕۆژنامەنووسانى عێراق لە بەیاننامەیەکدا ئەمڕۆ سێشەممە بڵاویکردەوە, داوا لە ڕێکخراوە نیودەڵەتییەکانى پەیوەندیدار بە مافى ڕۆژنامەنووسان و ئازادى ڕادەربڕین دەکات بێنە دەنگ لەسەر ئەو پێشێلکارییانە ى کە بە بەردەوامى دەکرێنە سەر ڕۆژنامەنووسان و بیروڕاى ئازاد.

سەندیکاکە لە بەیاننامەکەدا دەڵێت:  ڕۆژى شەممە ٥ى تشرینى یەکەمى ٢٠١٩ چەند چەکدارێکى نەناسراو هەستاون بە سوتاندن و شکاندنى ستۆدیۆو کەلوپەلە رۆژنامەوانییەکانى کەناڵەکانى NRTعەرەبى و دیجلە و نوسینگەى ئەلعەرەبیەو  ئەلحەدەس و ئەلغەد و کەناڵى TRTتورکى, هەروەها کارمەندەکانى ئەو کەناڵانەیان ئازار داوە و دەستیان بەسەر تەلەفۆنەکانیاندا گرتووە.

بەیاننامەکە ئاماژەى بۆ هێرشێکى موشەکى کردووە کە ڕۆژى یەکششەممە ٦ى ئەم مانگە کراوەتە  سەر کەناڵى ئاسمانى فورات.

لە بەیاننامەکەدا ڕوونکراوەتەوە , هێزێکى چەکدار کە پێکهاتبوون لە ١٠٠ کەسى دەمامکدارکە جلوبەرگى سەربازیان لەبەردابووە  و ١٧ ئۆتۆمبێلى جۆرى لاندکرۆزیان پێبووە هەڵیانکوتاوەتە سەر کەناڵى دیجلە و دواى شکاندنى کەلەپەلەکانى کەناڵەکە, ئاگریان لە بیناى ئەو کەناڵە بەرداوە و سوتاندویانە.

هەروەها لە بەیانەکەدا هاتووە, هەمان هێز چوونەتە سەر کەناڵى NRTعەرەبى و دەستیان بە سەر کەلوپەلى ئە و کەناڵەشدا گرتووە و سوکایەتییان بە ڕۆژنامە نووسانى کەناڵەکە کردووە و پەخشەکەیان ڕاگرتووە.

سەندیکاى ڕۆژنامەنووسانى عێراق ڕاشیدەگەیەنێت, پاش ئەو زنجیرە پێشێلکاری و دەستدرێژییانەى کرایە سەر چەند کەناڵ و دەزگاى میدییاى لە عێراق, کارى ڕۆژنامە نووسى و ژیانى ڕۆژنامەنووسان لە ژێر هەڕەشەدایەو, کەشێکى مەترسیدار هەیە بۆ کارى میدیایى, هەروەها داواشى لە ریکخراوە نیودەوڵەتیەکان کرد  بە دەنگ ڕۆژنامە نووسانەوە بێن و پاریزگارى لە مافە کانیان بکەن.