سەردێڕ:

لۆگۆ و ڕه‌نگی تایبه‌ت بۆ تاكسیی شاره‌كان دیاریكرا

فۆتۆ: 
2019-10-08

11041 جار خوێندراوەتەوە

وه‌زاره‌تی گواستنه‌وه‌ و گه‌یاندن رایگه‌یاند، وه‌زارەتەكەيان بڕیاریدا لۆگۆ و ڕه‌نگی تایبه‌ت بۆ تاكسیی ناوه‌وه‌ و ده‌ره‌وه‌ی شاره‌كان دیاری بكات.

ئومێد محه‌مه‌د وته‌بێژی وه‌زاره‌تی گواستنه‌وه‌ و گه‌یاندن ئەمڕۆ لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەنووسیدا ڕایگه‌یاند، وه‌زارەتەكەيان بڕیاریدا لۆگۆ و ڕه‌نگی تایبه‌ت بۆ تاكسیی ناوه‌وه‌ و ده‌ره‌وه‌ی شاره‌كان دیاری بكات، بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ش گرێبه‌ستی له‌گه‌ڵ كۆمپانیایه‌كی كه‌رتی تایبه‌ت واژۆ كردووە.

وتەبێژەکەی وەزارەت ڕاشیگەیاند، تاكسیی ناوشاری هه‌ولێر له‌زگه‌ی ڕه‌نگی سور ده‌بێت، تاكسیی ناوشاری سلێمانی له‌زگه‌ی ڕه‌نگی شین ده‌بێت، تاكسیی ناوشاری دهۆك له‌زگه‌ی ڕه‌نگی ڕه‌ش ده‌بێت. هەروەها تاكسیی ده‌ره‌وه‌ی سه‌نته‌ری شاره‌كانیش له‌زگه‌ی ڕه‌نگی قاوه‌یی ده‌بێت.

ئه‌وه‌شی خسته ‌ڕوو، دوای ئه‌وه‌ی لۆگۆ له‌ تاكسیه‌كان درا هه‌ر تاكسییه‌ و ده‌توانێت ته‌نها له‌ شاره‌كه‌ی خۆی كار بكات، ئه‌مه‌ش له‌پێناو ڕێكخستنی كاری تاكسی و كه‌مكردنه‌وه‌ی جه‌نجاڵییه‌.

ئومێد محەمەد باسی لەوەش کرد کە هه‌موو شۆفێری تاكسییه‌ك ده‌بێت فۆڕمێكی تایبه‌ت له‌ ئاسایشی گه‌ڕه‌ك پڕ بكاته‌وه‌ و ده‌بێت پاكانه‌ی له‌ لێكۆڵینه‌وه‌ی به‌ڵگه‌ی تاوان وه‌ربگرێت، چونكه‌ هه‌ر كه‌سێك پێشینه‌ی تاوانی هه‌بێت نابێت كاری شۆفێری تاكسی بكات.

بەپێی زانیارییەکان پرۆژەکه‌ ١٥ ڕۆژ دوای واژۆكردنی گرێبه‌ست ده‌كه‌وێته‌ بواری جێبه‌جێكردنه‌وه‌. ماوه‌ی ١٨٠ ڕۆژی بۆ دانراوه‌، له‌ پارێزگای هه‌ولێر ١٨ هه‌زار دینار، لە دهۆك ١٢ هه‌زار و ٥٠٠ دینار و له‌ سلێمانی ١٨ هه‌زار و ٧٥٠ دینار بۆ هه‌ر تاكسییه‌ك وه‌رده‌گیرێت.