سەردێڕ:

بەرپرسێکی ڕۆژئاوای کوردستان: پێدەچێت گفتوگۆ لەگەڵ دیمەشق بکەین

فۆتۆ: 
2019-10-08

3355 جار خوێندراوەتەوە

ڕاوێژکاری خۆسەری دیموکراتی لە رۆژئاواى کوردستان ڕایگەیاند، پێدەچێت گفتوگۆ لەگەڵ حکومەتی سوریا و روسیا دەستپێبکەن بۆ ئەوەی ئەو بۆشاییە ئەمنییە پڕبکەنەوە کە لەدوای کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا لە ناوچەکە دروست دەبێت.

بەدران جیا کورد بە ئاژانسی هەواڵی ڕۆیتەرزی ڕاگەیاند، "ئەگەر ئەمریکا دەستبەرداری ناوچەکە بێت، ئێمە وەکو ئیدارەی خۆسەری ڕۆژئاوا ناچاردەبین هەموو بژاردەکانی بەردەممان لێکبدەینەوە".

ئەو بەرپرسە رایگەیاندووە، پێدەچێت ئیدارەی ڕۆژئاوا گفتوگۆ لەگەڵ لایەنی دیمەشق و روسیا بکات بۆ ئەوەی ڕێگری لە هێرشی تورکیا بۆ سەر ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی شەڕڤانان بکەن، بەدران بەدووری نەزانی ڕێککەوتنێک لەوبارەیەوە لەبارەی پڕکردنەوەی بۆشایی ئەمنی ناوچەکە واژۆبکرێت.

ئەمە یەکەم جار نیە بەرپرسانی ڕۆژئاوا داوای پشتیوانی دیمەشق دەکەن بۆ ڕێگریکردن لە هێرشی تورکیا بۆ سەر ناوچەکانیان، سەرەتای ساڵی ڕابردووش پێش ئەوەی تورکیا ئۆپراسیۆنەکانی بۆ کۆنتڕۆڵکردنی کانتۆنی عەفرین دەستپێبکات، بەرپرسانی ڕۆژئاوا داوایان لە دیمەشق کرد هێز ڕەوانەی سنوری عەفرین بکات و ناوچەکە لە هێرشی تورکیا بپارێزێت.