سەردێڕ:

بەهۆی وێنەی سێڵفییەوە بوکێک گیانی لەدەستدا

فۆتۆ: 
2019-10-08

18459 جار خوێندراوەتەوە

بوکێک و سێ کەس لە ئەندامانی خانەوادەکەی لە هیندستان بەهۆی وێنەی سێڵفییەوە گیانیان لەدەستدا.

بەگوێرەی ڕاپۆرتی پۆلیسی هیندستان، لە ئاهەنگێکی هاوسەرییدا شەش کەس لەسەر پردی بامبارۆ لە ویلایەتی تامیل نادۆ لە باشوری هیندستان، سەرقاڵی وێنەیەکی سێڵفی دەبن، بەوهۆیەوەی بوکەکە و سێ کەس لە ئەندامانی خێزانەکە گیانیان لەدەستدا، هەروەک لە ئاژاسنی فرانس پرێسدا هاتووە.

بەپێی سەرچاوەیەک کە بە ئاژانسەکەی راگەیاندووە "ئەو کۆمەڵە کەسە وێنەی سێڵفیان دەگرت، لەسەر پردەکە خزاونەتە خوارەوە بۆ ناو ئاوەکە، زاواکە سەرقاڵی وێنەگرتنی ئەوان بووە لەگەڵ ئەواندا نەخزاوە و رزگاری بووە".

یەکێک لە ئامادەبووانی ئاهەنگەکە ئافرەتێکی رزگار کردووە، بەڵام ئەوانی تر نقوم بوون، بەگوێرەی ئاژانسی پرێس ترەست ئۆف ئیندیا، یەکێک لە قوربانییەکان خوێندکارێکی تەمەن ١٤ ساڵ بووە.

بەپێی توێژینەوەیەکی پەیمانگای "ئیندین ئینستیتوت ئۆف میدیکڵ ساینسز" کە ساڵی پار ئەنجامی داوە، دەرکەوتووە ٢٥٩ کەس بەهۆی وێنەی سێڵفییەوە لە نێوان ساڵەکانی ٢٠٠١ بۆ ٢٠١٧ گیانیان لەدەستداوە.

زۆرترین ڕێژەی قوربانیانیش بەهۆی وێنەی سێڵفییەوە لە هیندستان تۆمارکراوە، دواتر روسیا و ئەمریکا و پاکستان، ئەم دیاردەیەش بەرپرسانی هیندستانی ناجار کردووە لە مەترسیی وێنەی سێڵفی هاوڵاتیانی وڵاتەکەی ئاگادار بکاتەوە کە لە هەندێک شوێنی مەترسیداردا ئەو جۆرە وێنەیە نەگرن.

ئ.ل