سەردێڕ:

دهۆک: باندێکی دزیکردنی نەوت دەستگیر کرا

بۆرى نەوتى هەرێم-تورکیایان کونکردبوو
فۆتۆ: 
2019-10-08

3177 جار خوێندراوەتەوە

دیجیتاڵ میدیای ئێن ئاڕ تی، دهۆک، بێوار حلمی

هێزە ئەمنییەکانی دهۆک باندێکی پێنج کەسییان دەستگیر کردووە کە هەوڵیان داوە نەوت لە بۆری نەوتی هەرێمی کوردستان - تورکیا بدزن .

پەیامنێری دیجیتاڵ میدیای ئێن ئاڕ تی رایگەیاند ، ئەمرۆ سێ شەممە هیزە ئەمنییەکانی دهۆک باندێکی پێنج کەسیان لە سەر رێگای هەردوو قەزای سێمێڵ – زاخۆ دەستگیر کردووە  کە بۆرییەکی نەوتی هەرێمی کوردستان – تورکیایان کون کردوەو هەوڵی دزینی نەوتیان داوە.

باسی لەوەشکردووە ئەو باندە کارەکانیان بە شێوەیەک رێکخستووە کە بە بۆرییەک نەوتەکەیان بۆ دووری یەک کیلۆمەتر بۆ بەنزینخانەیەک گواستۆتەوە.

ئاماژەی بەوەشداوە ئەو باندە پێنج تانکەر نەوتیان بەمەبەستی و گواستەوە و فرۆشتنی ئامادە کردووە بەڵام هێزە ئەمنییەکان تەواوی تانکەرەکانیان دەست بەسەرداگرتووە.

ئەوەشی روونکردەوە، باندە پینج کەسییەکە رەوانەی دادگا کراون و بە دواداچون و لێکۆڵینەوە دەربارەی ئەو باندە و کارەکەیان بەردەوامە.

ئەم رووداوە بۆ دووەم جارە روودەدات لە پارێزگای دهۆک و هەوڵی دزینی نەوت دەدرێت ، ساڵی رابردوو لە سنوری قەزای شێخان چەن کەسێک لە کاتی هەوڵی دزینی نەوتدا لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستگیرکراون.