سەردێڕ:

وەزارەتى خوێندنى باڵا: لەسەدا ٧٤ى قوتابیان لە زانکۆ و پەیمانگاکان وەرگیراون

٤١ هەزار ٨٣٣  قوتابى وەرگیراون
فۆتۆ: 
2019-10-08

5929 جار خوێندراوەتەوە

وەزارەتى خوێندنى باڵا وتوێژنەوەى زانستى ئەنجامى وەرگرتنى قوتابیانى دوانزەى ئامادەیى لە زانکۆ و پەیمانگاکان راگەیاند، کە لەسەدا ٧٤ى قوتابیان وەرگیراون.

د. ئارام محمد قادر وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی، لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەنوسیدا، ئاماری کۆی وەرگیراوەکانی ئەمساڵی خوێندنی بڵاوکردەوە کە تێیدا هاتوو، "٤١,٨٣٣ خوێندکار بۆ خوێندنی بە خۆڕایی وەرگیراون".

ئاماژە بەوەش کراوە، بۆ ئەمساڵی خوێندن، کەمترین کۆنمرە بوونی نییە، چونکە لە نمرەی ٥٠وە هەتا ١٠٠ وەرگیراون بەجۆرێک، "٨% بۆ پارالێڵ، ١٤% بۆ ئێوارانن و ٤% یش وەرنەگیراون".

هەر لە کۆنفرانسەکەدا، وەزیرى خوێندنی باڵا باسى لەوەکرد، "ئەوانەی وەرنەگیراون لە ئەستۆی خۆیانە، چونکە هەڵبژاردەی گونجاویان هەڵنەبژاردووە لەو ٥٠ هەڵبژاردەیەی لە بەردەستیاندا بووە".

وتیشى، "کورسی بەتاڵمان زۆرە، و بۆ ئەمساڵ، ٣٠٥٢ کورسی بەتاڵمان هەیە".

ڕاشیگەیاند، "٩٦٥ دەرچوی ساڵی ڕابردوو لەمساڵدا وەرگیراون".

هەر لە کۆنفرانسەکەدا ئاماژەى بەوەکرد، "هەر خوێندکارێک  پەڵپ (اعتراز)ی هەیە لەسەر وەرگیرانەکەی ئەتوانێت لەناو وێبسایتەکەدا پەڵپ بگرێت کە هەتا ١٢ی مانگ شەوی شەممەی داهاتوو کراوەیە بۆ ئەو بابەتە، هەر خوێندکارێکیش دەیەوێت شوێنی وەرگرتنەکەی بگۆڕێت بە شوێنێکی تر کە بۆ نمرەکەی گونجاوە، ئەوا بە هەمان شێوە دەبێت هەر لە ڕێگای سایتەکەوە و بە ئۆنڵاین داوای بکات".

ئاماژەى بەوەشکرد، دەرچوانی پیشەیی بەم زوانە ناویان دێتەوە.

 ساڵانە وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی لەم کاتانەدا ئەنجامی وەرگرتنی خوێندکاران ئامادەیی بۆ زانکۆ و پەیمانگاکان ڕادەگەیەنێت و ساڵی پاریش، لە کۆی ٥٤ هەزار و ٤٢ دەرچوی پۆلی دوانزە، ٢٨ هەزار و ٦٠٩ کەس وەرگیرابوون، کەمترین کۆ نمرەی ساڵی ڕابردوو بۆ وەرگرتن بریتی بوو لە (٦٠،١٤).