سەردێڕ:

ئێران هەڵوێستی خۆی لەبارەی هێرشی تورکیا بۆ سەر ڕۆژئاوا خستەڕوو

فۆتۆ: 
2019-10-08

8575 جار خوێندراوەتەوە

وەزارەتی دەرەوەی ئێران دژایەتی خۆی لەبارەی هێرشی تورکیا بۆ سەر ناوچەکانی ڕۆژئاوای کوردستان نیشاندا و ڕاشیگەیاند، هێرشەکە نیگەرانی تورکیا ناڕەوێنێتەوە.

بە گوێرەی ماڵپەڕی ڕوسیا تودەی، وەزارەتی دەرەوەی ئێران ئەمڕۆ سێشەممە، رایگەیاندووە، لە نزیکەوە چاودێری ئەوە دەکەن هێزەکانی تورکیا دەچێتە ناو خاکی سوریاوە، کە هەنگاوێکی لەوجۆرە نابێتە هۆی نەمانی نیگەرانییە ئەمنییەکانی تورکیا.

وەزارەتەکە راشیگەیاندووە، هێرشی تورکیا بۆ سەر سوریا زیانی گیانی و ماددی زۆر دەگەیەنێت و ئێرانیش دژی هەموو جۆرە ئۆپراسیۆنێکی تورکیایە لە ڕۆژهەڵاتی ڕوباری فوڕات.

ئاماژەشی بەوەکردووە، تاران دەستبەجێ پەیوەندی بە بەرپرسانی تورکیا و سوریاوە کردووە و ئامادەیی نیشانداوە کە بە "ڕێگایەکی ئاشتییانە" نیگەرانییەکانی هەردوولا کۆتایی پێبهێنێت.

سەبارەت بە کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا لە سوریا، وەزارەتی دەرەوەی ئێران ڕایگەیاند، "دەبوو زووتر ئەو کارە بکرایە چونکە کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا دەبێتە هۆی ئاسایش و سەقامگیری سوریا و ناوچەکەش".

ئەوەش دوای ئەوە هات، دوێنێ دوو شەممە، ٧ی تشرینی یەکەمی ٢٠١٩، ئەمریکا پاشەکشەی بە هێزەکانی خۆی کرد لەسەر سنوری تورکیا-سوریا، ئەمەش بەلای چاودێرانەوە وەکو "هەڵکردنی گڵۆپی سەوز" بۆ تورکیا لێکدەدرێتەوە. هێزەکانی سوریای دیموکراتیش لە بەیاننامەیەکدا نیگەرانی خۆیان لە کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا دەربڕیی و ڕایانگەیاندووە کە ئامادەی هەر هێرشێکی تورکیان بۆ سەر وڵاتەکەیان.