سەردێڕ:

وردەکاری پەیوەندییەکی تەلەفۆنی ترەمپ و ئەردۆغان ئاشکرا دەکرێت

فۆتۆ: 
2019-10-08

28103 جار خوێندراوەتەوە

گۆڤاری (نیوزویک)ی ئەمریکی لە زاری سەرچاوەیەک لە ئەنجومەنی ئاسایشی نیشتمانی ئەمریکاوە، ئاشکرایدەکات، ترەمپ لە پەیوەندییە تەلەفۆنییەکەیدا لەگەڵ ئەردۆغان هەڵوێستێکی لاوازی هەبووە و ئەردۆغان "زاڵبوون"ی خۆی بەسەریدا نیشانداوە.

ئەو سەرچاوەی ئەنجومەنی ئاسایشی نیشتمانی کە ئاگاداری پەیوەندییە تەلەفۆنییەکە بووە بە گۆڤارەکەی وتووە، "ترەمپ لە وتووێژەکەیدا سەرکەوتوو نەبووە و دواتر بڕیاریداوە بە کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا تا وا دەریبخات کە ئەمریکا لەو مشتومڕەدا دەستکەوتێکی هەبووە، بەڵام ئەمریکا هیچ شتێک بەدەست ناهێنێت".

سەرچاوەکە کە داوایکردووە ناوی ئاشکرا نەکرێت، باسی لەوەشکردووە، ئەگەر تورکیا لە ماوەی ڕۆژێک یان چەند ڕۆژی داهاتوودا هێرشەکانی دەستپێبکات، جێگەی سەرسوڕمان نابێت.

ئاماژەش بەوەکراوە، یەکێک لە بابەتە سەرەکییەکانی پەیوەندییە تەلەفۆنییەکە پرسی زیندانیکراوانی داعشە کە ژمارەیان لە دەوروبەری دوو هەزار زیندانیکراودایە و لەلایەن هێزەکانی سوریای دیموکراتەوە لە باکوری ڕۆژهەڵاتی سوریا زیندانیکراون و ئەمریکاش پشتیوانی داراییان دەکات.

ترەمپ بە ئەردۆغانی وتووە کە ئەو نایەوێت هیچ پەیوەندییەکی بەو زیندانیکراوانەوە هەبێت.

ئەردۆغانیش لە وەڵامدا پێی وتووە، کە تورکیا بەرپرسیارێتی زیندانیکردنی چەکدارە داعشەکان دەگرێتە ئەستۆی.

هاوکات سەرچاوەکە وتوشیەتی، لە پەیوەندییە تەلەفۆنییەکەدا ترەمپ نەیتوانیووە باس لە پلانی جێنەڕاڵ و ئەدمیڕاڵەکانی وڵاتەکەی بکات و لەوبارەیەوە هیچ شتێکی نەوتووە.

بەرپرسەکەی ئاسایشی نیشتمانی ئەمریکا ئەوەشی وتووە ئەگەر ئەمریکا ڕەتیبکردایەتەوە ڕێگا بۆ هێرشی تورکیا چۆڵبکات، ئەوا ئەگەری پێکدادانی هێزەکانی ئەمریکا و تورکیا لەئارادابوو، بەڵام ترەمپ سیاسەتی "ئەمریکا یەکەمە"ی جێبەجێکردووە و بەرژەوەندی وڵاتەکەی لەبەرچاوگرتووە، چونکە بە بۆچوونی ئەو جەنگ زیانی ماددیە بۆ وڵاتەکەی.

ئەو بەرپرسەی ئاسایشی نیشتمانی ئەمریکا کوردی بە "ئیسرائیلی ناوچەکە" وەسفکردووە و پێی وابووە کە واباشتردەبوو بۆ ئەمریکا کە پشتیوانی لە کوردانی عێراق، سوریا و تورکیا بکردایە.