سەردێڕ:

٤٠ منداڵی ئێزیدی لە کەمپێکدا لە سوریا دۆزرانەوە

تەمەنیان لە خوار  چوار ساڵەوەیە
فۆتۆ: 
2019-10-08

1939 جار خوێندراوەتەوە

ڕۆژنامەی تایمز-ی بەریتانی بڵاویکردووەتەوە، ٤٠ منداڵی ئێزیدی لە کەمپێکدا لە سوریا دۆزراونەتەوە کە دایکیان لەلایەن داعشەوە کڕین و فرۆشتنیان پێوەکرابوو.

ڕۆژنامەنوسەکەی تایمز، ئەنتۆنی لییۆرد، خۆی بە مەیدانی لەوێ بووە و باس لە منداڵێکی ٤ ساڵان دەکات بە ناوی نەدا، کە زۆر دەگریێت و ناتوانێت گوێ بۆ گۆرانی منداڵانی دیکە بگرێت کاتێک گۆرانییەکانیان وشەی "دایک"ی تێدا بێت، چونکە داعش، بە زۆر، دایکییان لێ جیاکردووەتەوە و فرۆشتویانە.

ڕۆژنامەنوسەکە زیاتری لەسەر نوسیوە، "نەدا یەکێکە لەو چل منداڵەی ناو کەمپی رومەیلە لە باکوری ڕۆژهەڵاتی سوریا".

ئاماژەی بەوەش کردووە، "لەو ٤٠ منداڵە، هەرە گەورەکەیان نەدایە کە تەمەنى ٤ ساڵە و هەرە بچوکەکەشیان تەمەنی لە ٦ مانگ تێناپەڕێت".

ئەوەش لە کاتێکدایە ئەو منداڵانە ناتوانرێت بگەڕێندرێنەوە بۆ ناوچەکانى خۆیان لە شنگال، چونکە میری ئێزیدییەکان بڕیاری داوە بە نەگەڕاندنەوەی ئەو منداڵانەی باوکیان داعش بوون و دایکیان ئێزیدی، هەربۆیە، دایکی منداڵەکانی دیکە، نازانن لە کەمپەکەدا بمێننەوە لەگەڵ ژنەکانی دیکەی داعشدا یان ئەوێ جێبهێڵن بەبێ منداڵەکانیان.