سەردێڕ:

سەرۆکایەتى تورکیا داوا لە پەرلەمان دەکات ماوەى ئۆپراسیۆن لە دەرەوەى وڵات درێژ بکاتەوە

تورکیا و ئاڵۆزییەکانى ناوچەکە
فۆتۆ: 
2019-10-08

2950 جار خوێندراوەتەوە

سەرۆکایەتى کۆمارى تورکیا داوا لە پەرلەمانى وڵاتەکە دەکات ماوەى ئۆپراسیۆنى سەربازى لە خاکى عێراق و سوریا درێژ بکاتەوە.

ئاژانسى ئەنادۆڵ بڵاویکردووەتەوە، سەرۆکایەتى کۆمارى تورکیا گرنگى تەواو بە سەقامگیرى و یەکپارچەیى خاکى عێراق دەدات و دەیەوێت بە درێژکردنەوەى ماوەکە ئۆپراسیۆنى سەربازى لە ناو خاکى عێراق و سوریا دەستپێبکات. 

ئاماژەى بەوەشکردووە، "رێکخراوە تیرۆریستییەکان نمونەى داعش کە ( لە روسیا و ژمارەیەک لە وڵاتانى جیهان قەدەغەکراون) و پەکەکە و یەپەگە کە لە عێراق و سوریا بوونیان هەیە، بوونەتە مایەى هەڕەشە بۆ سەر ئاسایشى نەتەوەیى تورکیا و بەردەوام هێرش دەکەنە سەر تورکیا".

هاوکات وەزارەتى بەرگرى تورکیا ئەمڕۆ سێشەممە رایگەیاند، تەواوى ئامادەکارییە سەربازییەکانیان تەواو کردووە بۆ دەستپێکردنى ئۆپراسیۆنى سەربازى لە باکورى سوریا و ژمارەیەک سەرباز و تانکیشى رەوانەى سنورەکانى لەگەڵ سوریا کردووە.

پێشتر رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆکی تورکیا ڕایگەیاندبوو، ھەرکاتێک بیانەوێت دەتوانن بچنە ناو خاکی سوریاوە و مۆڵەت لە ھیچ کەسیش وەرناگرن بۆ ھێرشەکانیان.

لە دواى پەیوەندییە تەلەفۆنییەکەى دۆناڵد ترەمپ و رەجەب تەیب ئەردۆغان، ئەمریکا هێزەکانى لە باکورى سوریا کشاندەوە و مەولود چاوش ئۆغلو وەزیری دەرەوەی تورکیاش لە تویتێکدا ڕایگەیاند، وڵاتەکەی سورە لەسەر ئۆپەراسیۆنی ڕۆژھەڵاتی فوڕات لە ھەر ساتێکدابێت، ئەمەش وەک ئاماژەیەک بۆئەوەی کەلەگەڵ ئەمریکا ڕێکەوتوون لەنزیکترین کاتدا دەست بەو ئۆپراسیۆنە سەربازیە بکەن