سەردێڕ:

فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی سلێمانی: تیشکی لێزەر لەو فڕۆکانە ‌دەدرێت کە دەگەنە ئاسمانی سلێمانی

فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی سلێمانی
فۆتۆ: 
2019-10-07

11529 جار خوێندراوەتەوە

فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی سلێمانی رایگەیاند، چەند ڕۆژێکە دیاردەیەکی نادروست دەبینرێت کە ئاڕاستەکردنی تیشکی لێزەرە لەو فڕۆکانەی دەگەنە ئاسمانی سلێمانی.

 فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی سلێمانی لە روونکردنەوەیەکدا رایگەیاند، چەند ڕۆژێکە دیاردەیەکی نادروست دەبینرێت کە ئاڕاستەکردنی تیشکی لێزەرە لەو فڕۆکانەی کە دەگەنە ئاسمانی سلێمانی، کە بێگومان ئەمەش کاریگەری ڕاستەوخۆی دەبێت لەسەر سەلامەتی فڕۆکەوان.

راشیانگەیاندووە، ئەوەش وادەکات ئەو ھێڵە ئاسمانیانەی کە گەشتەکانیان بۆ فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی سلێمانی ئەنجامدەدەن ھەڵوێست وەرگرن، دەبێت ئەو کەسانەی کە ھەڵدەستن بەو کارە دەستگیربکرێن و بەپێی یاسا لێپێچینەوەیان لەگەڵدا بکرێت و ڕووبەڕووی سزای یاسایی بکرێنەوە.

ئاماژەشیان بەوە کردووە، بۆ ئەو مەبەستە ئاسایشی فڕۆکەوانی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی سلێمانی ھەڵمەتێکی بەرفراوانی دەستپێکردووە لە ڕێگەی تیمە تایبەتەکانی بە ھێلیکۆپتەر و مەفرەزەکانی تری، بۆ گەڕان بەدوایی ئەو کەسانەی کە ھەڵدەستن بەو کارە.

ئەمەش لەکاتێکدایە کە ئەمڕۆ ٢٠١٩/١٠/٧ ھێڵی ئاسمانی قەتەری لە ئاگادارینامەیەکدا کە بۆ فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی سلێمانی ناردووە، سکاڵای ئەو دیاردەیان خستووەتەڕوو.