سەردێڕ:

ڕاپۆرتێکی ئێن ئاڕتی ملیۆنێک بینەری تێپەڕاند

فۆتۆ: 
2019-10-07

12421 جار خوێندراوەتەوە

ڕاپۆرتێکی ئێن ئاڕتی سەبارەت بە گەنجێکی ئاژەڵدۆست کە بە تەڕەزانی ڕاستەقینە ناودەبرێت، لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی فەیسبووک زیاتر لە یەک ملیۆن بینەری ھەبووە.

ڕاپۆرتەکە لەلایەن ( سەربەست حسێن) بێژەر و ھەواڵساز لە ژووری ھەواڵی ئێن ئاڕتی ئامادەکراوە و خوێندراوەتەوە.

ئەم ڕاپۆرتە باس لە پیاوێک دەکات کە بە تەڕەزانی راستەقینە ناوبراوە، ھاوڕێ و دۆستی ئاژەڵە دڕندەکانە و ھەر کەسێک کە لە نزیکیشەوە سەردانی بکات بە ئاسانیی باوەڕ بەو دیمەنە ناکات.

کۆدی ئانتڵ گەنجێکی ئەمەریکییە و لەگەڵ زیاتر لە ٧٠ جۆر ئاژەڵی کێوی و دڕندەدا دەژی و ئەوان بە ھاوڕێی خۆی دادەنێت.

ئاژەڵەکانی کۆدی تەنھا ئاژەڵی ئاسایی نین، بەڵکو لەگەڵ کۆدیدا بەیەکەوە کارەکانی رۆژانە، گفتوگۆ، یاری و وەرزش دەکەن و ھەندێکجار بەیەکەوە بازاڕیش دەکەن.

کۆدی نەک تەنھا خۆی بەڵکو ھەموو ئاژەڵە دڕندەکانیشی کردووە بە ھاوڕێی یەکتر و ھیچیان بێ ئەوی دیکەیان نامێننەوە.

ئەم گەنجە ھەر لە منداڵییەوە ئارەزووی کردووە رۆحی تەڕەزان لە جەستەیدا زیندوو بکاتەوە، بەڵام ئەمەی ئێستا دەیکات زۆر لەو ئەفسانەیە زیاتر کە تەڕەزانی پێ ناسراوە.

رۆژانە لە کێڵگەکەی خۆی سەرجەم کارەکانی لەگەڵ ئاژەڵەکانی دابەشکردووە، بەڵام بەدەر لە ھەموو ئاژەڵەکانی دیکە مەیمونەکانی کۆدی رۆڵێکی سەرەکییان ھەیە لە راپەڕاندنی ئەرکەکانی رۆژانەی کێڵگەکەدا.

مەیمونەکان بەیانیان لەگەڵ لە خەوھەستان دەچنە حەمام و خۆیان دەشۆن، دواتر ئەرکەکانی دیکەی ماڵەکە بەجێدەھێنن، وەک شۆردنی ئاژەڵەکان، راکێشانی ئاو بۆ کێلگەیە، ئامادەکردنی بەلەم بۆ ڕاوە ماسی و تەنانەت بازاڕکردنیش.

کۆدی و مەیمونەکانی پێکەوە وەرزش دەکەن و ھەموو کات پێکەوەن و ئەو بەباشترین ھاوڕێی خۆیان دایاندەنێت چونکە ئەوان ھەست بە بەرپرسیارییەتی دەکەن و بێ ئەوەی ھیچیان پێبڵێت زۆربەی کارەکانی بۆ جێبەجێ دەکەن.

لەگەڵ ئەمانەشدا رۆژانە یاریی لەگەڵ سەرجەم ئاژەڵەکانی دەکات و ئەوانیش بەمە دڵخۆشن، ئەم کێڵگەیەی کۆدی ناونراوە ماڵی خێزانە خۆشبەختەکە، چونکە جگە لە یاری و گاڵتەوگەپ گوێت لە ناخۆشی نابێت.

لەمەشەوە کۆدی دەیەوێت بە مرۆڤایەتی بڵێت ئەگەر ئێوە ئەرکی خۆتان کە مرۆڤ بوونە بەجێ بگەیەنن، ئاژەڵەکان ئەگەرچی دڕندەش بن دەتوانن ببنە باشترین ھاوڕێ و ھاوبەشتان و پێکەوە چیرۆکە ئەفسانەیی و فلمە سینەماییەکانی تایبەت بە ئاژەڵ و مرۆڤ بەرجەستە بکەن لە ژیانی رۆژانەتاندا.