سەردێڕ:

پنتاگۆن: پاڵپشتیی ئۆپراسیۆنی تورکیا لە باکوری سوریا ناکەین

باڵەخانەی پنتاگۆن (وەزارەتی بەرگری ئەمریکا)، واشنتۆن
فۆتۆ: 
2019-10-07

5468 جار خوێندراوەتەوە

وەزارەتی بەرگریی ئەمریکا ناسراو بە (پنتاگۆن) ڕایگەیاندووە، ئەمریکا ڕازی نییە بە ئۆپراسیۆنی تورکیا لە باکوری سوریا و بە ھیچ شێوەیەک پاڵپشتیی ناکات.

جۆناسان ھۆفمان وتەبێژی پنتاگۆن لە ڕاگەیەندراوێکدا ڕایگەیاندووە، "وەزارەتی بەرگری بەڕوونی ئەوەی بە تورکیا گەیاندووە، ھەروەک چۆن سەرۆکیش پێی ڕاگەیاندووە، کە ئێمە ڕازی نین بەئۆپراسیۆنی تورکیا لە باکوری سوریا.

دەشڵێت، "ھێزە چەکدارەکانی ئەمریکا پاڵپشتیی لە ئۆپراسیۆنی لەو شێوەیەدا ناکات و تیایدا بەشدار نابێت."

ھۆفمان وتوشیەتی، مارک ئێسپەر وەزیری بەرگری و مارک میلی جەنەراڵ لە سوپای ئەمریکا بە "ھاوتا تورکییەکانیانیان وتووە، کردەی یەکلایەنە مەترسی بۆ تورکیا دروستدەکات."

ئەمڕۆ دووشەممە سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا پشتگیریی بڕیاری ئیدارەکەی کرد لەبارەی کشانەوەی ھێزەکانیان لە باکووری سوریا و، تا ئێستاش کاردانەوەکان لەسەر ئەو ڕووداوە بەردەوامە.