سەردێڕ:

ھێڵی ئینتەرنێت لە سەرانسەری عێراق بەکارخرایەوە

فۆتۆ: 
2019-10-07

1901 جار خوێندراوەتەوە

پەیامنێری دیجیتاڵ میدیای ئێن ئاڕ تی لە بەغدا ڕایگەیاند، هێڵی ئینتەرنێت، کە بەهۆی خۆپیشاندانەکانی چەند ڕۆژی ڕابردوو لە عێراق لەکارخرابوو، کەمێک پێش ئێستا لەسەرنسەری وڵاتدا خراوەتەوە کار.

ئەوەشی خستەڕوو، ئەم بڕیارەی حکومەت دوای ئەوە دێت کە دۆخی ئەو ناوچانەی خۆپیشاندانی تێدا بەڕێوەچوو، بەرەو هێوربوونەوە چووە، هەربۆیە حکومەت بڕیاری خستنەوە کاری هێڵەکانی ئینتەرنێتی دەرکردووە.

ئەوەش لەکاتیکدایە بەھۆی خۆپیشاندانەکانەوە، کە بەغدا و شارەکانی دیکەی عیراقی گرتەوە، خزمەتگوزاری ئینتەرنێت لەسەر بڕیارێکی حکومەت بۆ ماوەی پێنج ڕۆژە لە شارەکاندا جگە لە ھەرێمی کوردستان، لەکارخراوە.

حکومەتی ناوەندیی عێراق دوای دوو ڕۆژ لە خۆپیشاندانەکان، بەشێوەیەکی دیارینەکراو یاسای قەدەغەکردنی ھاتوچۆی ڕاگەیاند و، تەنھا بۆ گەشتیارانی فرۆکەخانەکان و، ئۆتۆمبێلی فریاگوزاری و سەردانکردنی نەخۆشخانەکان ڕێگەپێدراون، لەم میانەشدا هێڵی ئینتەرنێتی لەسەرتاسەری وڵاتدا لەکارخست.