سەردێڕ:

ئێن ئاڕ تی بەیاننامەیەک لەبارەی دەستبەسەرداگرتنی نوسینگەکانی لە بەغدا بڵاودەکاتەوە

فۆتۆ: 
2019-10-07

1281 جار خوێندراوەتەوە

ئەمڕۆ دووشەممە ئێن ئاڕ تی عەرەبی بەیانێکی لەبارەی دەستبەسەرداگرتن و داخستنی پەخشەکەی لە بەغدا بڵاوکردەوە و ڕایگەیاند، ئەم جۆرە رەفتارانە خزمەت بە عێراق و ئاسایشی وڵات ناکات.

لە بەیاننامەیەکدا کە ئەمڕۆ ٧ی تشرینی یەکەم کەناڵی ئێن ئاڕ تی عەرەبی بڵاویکردەوە، ھاتووە، "لە یەکەم ڕۆژی دەستپێکردنی خۆپیشاندانەکانەوە کەناڵی ئێن ئاڕ تی عەرەبی سوربووە لەسەر ڕووماڵکردنی خۆپیشاندانەکان بە شێوەیەکی تەواو پیشەیی و بێلایەنی و ڕاستگۆیی، ھەروەھا پانتاییەکی باشیشی لە پەخشەکەیدا تەرخانکردووە بۆ بەرپرسان و سەرکردە ئەمنییەکان و دەسەڵاتدارانی حکومی بۆ دەربڕینی ڕا و بۆچوونەکانیان و وەڵامدانەوەی تۆمەتەکان."

لە بەیاننامەکەدا ھاتووە، "لە شەوی ٦ی ئەم مانگە ھێزێکی نەناسراو ھەڵیانکوتایە سەر کەناڵەکە، کە دەکەوێتە شەقامی ئەبونەوواس بە دووری چەند مەترێک لە بنکەی پۆلیسی ئیتیحادییەوە، ھەروەھا سەرجەم کەلوپەلەکانی کەناڵەکەیان شکاند و دەستیان بەسەر کۆمپیوتەر و مۆبایلی کارماندەکانیشدا گرت، ئەمە جگە لە دەستگیرکردنی کارمەندانی کەناڵەکە و ئەزیەتدان و سوکایەتیپێکردنیان."

لە بەیانەکەی ئین ئاڕ تیدا ئەوەش خراوەتەڕوو، "ئەم جۆرە رەفتارانە خزمەت بە عێراق و ئاسایشی وڵات ناکات و، ئەو لایەنەی ھەستاوە بەم کارە ئەگەر پێیوایە ئێمە زیانمان بە ئاسایشی وڵات گەیاندووە، دەبوایە پەنای بۆ دادگا ببردایە."

ھەروەھا ئیدارەی کەناڵەکە داوا لە ھەرسێ سەرۆکایەتییەکەی عێراق دەکات بە شێوەیەکی بێلایەن و شەفاف بەدواداچوون بۆ ئەم ڕووداوە بکەن و قەرەبووی ماددی و مەعنەوی کەناڵەکە بکرێتەوە.

ھەروەک داوای لە دەسەڵاتدارانی عێراق کرد کەشێکی لەبار و ئازاد بۆ میدیاکان فەراھەم بکەن.

بەیاننامەکەی ئێن ئاڕ تی عەرەبی، ئاماژەی بۆ ئەو کەناڵانەی دیکە کردووە کە ھاوشێوەی ئەو کەناڵە دەستدرێژییان کراوەتە سەر، دەڵێت، "ھاوخەمی ئەو کەناڵانەین کە ھاوشێوەی ئێن ئاڕ تی عەرەبی ھێرشکراوەتە سەریان و، داوا لە سەندیکای ڕۆژنامەنووسان و ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان دەکەین بە ئەرکی خۆیان ھەستن و لەسەر مافی ڕۆژنامەنووسان بێنەدەنگ."