سەردێڕ:

ئەندامێکى سەرکردایەتى یەکێتى: بریارە ١٧ خاڵەکەى عادل عەبدولمەهدی دەبێت هەرێمیش بگرێتەوە

فۆتۆ: 
2019-10-07

57854 جار خوێندراوەتەوە

بڵێسە جەبار فەرمان ئەندامى سەرکردایەتى یەکێتى ڕایگەیاند، بریارەکەی عادل عەبدولمەهدی کە ١٧ خاڵە و جێبەجێکردنى داواکارییەکانى خۆپیشاندەرانە، دەبێت هەرێمی کوردستانیش بگرێتەوە.

بڵێسە جەبار فەرمان لە پۆستێکیدا ئاماژەى بەوەکردووە، بڕیارەکانى سەرۆک وەزیرانی عیراق کە لەبارەی نارەزاییەکانی هاوڵاتیان و خۆپیشاندەرانەوە دراون وخۆی لە ١٧ خاڵدا دەبینێتەوە پێویستە هەرێمیش بگرێتەوە.

بڵێسە جەبار فەرمان وتیشى، خزمەتگوزاری و کەمی دەرامەت و نەبوونی هەلی کار تەنها لە پارێزگاکانی ناوەراست و باشوردا نین و بەڵکو لە پارێزگاکانی هەرێمی کوردستانیش بەدی دەکرێن.

ئاماژەى بەوەشکردووە، ئەو بڕە پارەیەی بۆ جێبەجێکردنی بڕیارەکان پێویستن لە بوجەی گشتی عیراق و بەشە بوجەی سەرۆکایەتیەکان و ئەو قەرزانەی کە عیراق وەریگرتون دەدرێن بۆیە دەبێت هەرێمیش بگرێتەوە.

یەکێک لە خاڵەکان کردنەوەى دەرگا بۆ ناونوسکردنى ئەو خێزانانەى کە کەمدەرامەتن و داهاتیان دیاریکراوە بەپێدانى یەکەیەکى نیشتەجێبوون لە سەرجەم پارێزگاکاندا.

هەروەها تەواوکردنى دابەشکردنى ١٧ هەزار یەکەى نیشتەجێبوون لە پارێزگاى بەسرە بۆ ئەو خێزانانەى کە کەمدەرامەتن و داهاتیان دیاریکراوە لە ماوەیەکى دیاریکراودا کە چوار هەفتە تێپەڕ نەکات.

لە خاڵێکى تردا هاتوە، ئامادەکردن و جێبەجێکردنى بەرنامەى نیشتمانى بۆ نیشتەجێبوون کە دروستکردنى سەد هەزار یەکەى نیشتەجێبوون لە تەواوى پارێزگاکاندا لەخۆ دەگرێت و سەرەتاش بۆ ئەو پارێزگایانەى کە هەژارییان تێدا زۆرە.

رۆژى شەممە عادل عەبدولمەهدى سەرۆک وەزیرانى عێراق لە بارەى نارەزایی هاوڵاتیان و خۆپیشاندانەکانەوە قۆناغى یەکەمى جێبەجێکردنى داواکارییەکانى خۆپیشاندەران دەرکرد کە ١٧ خاڵى لەخۆگرتبوو.