سەردێڕ:

هەسەدە: هێزەکانی ئەمریکا لە ناوچە سنوورییەکانمان لەگەڵ تورکیا کشاونەتەوە

هەسەدە: ئەمریکا ئەرکەکانی خۆی ڕانەپەڕاند
ئاڵای هەسەدە (هێزەکانی سوریای دیموکرات)
فۆتۆ: 
2019-10-07

14157 جار خوێندراوەتەوە

ئاژانسی ڕۆیتەرز لە زاری بەرپرسانی هەسەدە (هێزەکانی سووریای دیموکرات) ڕایگەیاند، هێزەکانی ئەمریکا لە ناوچە سنوورییەکانی نێوان ڕۆژئاوای کوردستان و تورکیا کشاونەتەوە.

 مستەفا بالی، وتەبێژی هێزەکانی سوریای دیموکرات، لە تویتێکدا ڕایگەیاند، هێزەکانی ئەمریکا ئەرکی خۆیان بەجێ نەهێنا و لە سنورەکانمان لەگەڵ تورکیا، کشاونەتەوە.

هەر لەو تویتەدا وتوشییەتی، "هەرچەندە ئێمە بە ڕێککەوتنمانەوە لەگەڵ ئەمریکا پابەند بوین و ئەوەی لەسەر ئێمە بووە کردوومانە، بەڵام هێزەکانی ئەمریکا ئەرکی خۆیان ڕانەپەڕاند و دەستیان بە کشانەوە کردووە لە سنورەکان".

لە بەیاننامەی فەرمی هێزەکانی سوریای دیموکرات (هەسەدە)شدا هاتووە، "ئەمریکا هێزەکانی خۆی کشاندۆتەوە تا تورکیا هێرش بکاتە سەرمان و هەرچیمان بە دەست هێناوە لەو چەند ساڵەی ڕابردوودا لە دەستمان بچێت".

هەر لە بەیاننامەکەدا هاتووە، "ئێمە لە هێزەکانی سوریای دیموکرات، بۆ یەک ساتیش لە بەرگریکردن لە خۆمان دوو دڵ نین و داواش لە خەڵکی خۆمان لە عەرەب، کورد، سریانیی و ئاشورییەکان دەکەین هەرچی زووە پەیوەندی بە هێزەکانمانەوە بکەن بۆ پاراستنی وڵاتەکەمان لە بەرامبەر ئەو دوژمنایەتییەی تورکیا".

ئەمەش دوای ئەوە هات کە تورکیا داوای کردبووە ئەو پلانەی جێبەجێ بکات کە چەند ساڵە هەوڵی بۆ دەدات کە بە گوتەی خۆیان درووستکردنی ناوچەی ئارامە لە سنوورەکانی لەگەڵ سوریادا، ئەمریکاش ڕایگەیاندووە کە ئەوان هێزەکانیان تێوەناگلێنن.